کاروانێکی نوێی سەربازیی ئەمریکا لەعێراقەوە چوونە خاکی سوریاوە

01/09/2020
کاروانە سەربازییەکانی ئەمریکا بەردەوام لەعێراقەوە دەچنە ناو خاکی سوریاوە
فۆتۆ: 

ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا ڕایگەیاند، کاروانێکی نوێی سەربازیی ئەمریکا لەعێراقەوە و بە دیاریکراویش لە دەروازەی "ئەلوەلید"وە هاتووەتە ناو خاکی سوریاوە.

ئاژانسەکە لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانی ناوچەکەوەە بڵاویکردەوە، ٦٠ ئوتۆمبێلی سەربازیی و بارهەڵگر کە ژمارەیەک ئوتۆمبێلی زریپۆش هاوڕێیەتی کردوون، سەرجەمیان ئەمریکی بوون، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هاتوونەتە ناو خاکی سوریاوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاروانەکە کەلوپەلی سەربازی و کۆمەکی لۆجستی پێبووە بۆ ئەو بنەکە سەربازییەی کە لە ناوچەی ڕیفی حەسەکە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بنیاتنراوە.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووش کاروانێکی دیکە کە لە ٧ زریپۆش و ٤ ئوتۆمبێلی بەڕاد بە خۆراکەوە لە سنوری عێراقەوە هاتنە ناو خاکی سوریا و چوونە ناو بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی "خەراب جیر" لە ڕیفی مالکیەی باکوری پارێزگای حەسەکە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سوپای ئەمریکا بە سەدان ئوتۆمبێلی سەربازی و بارهەڵگری تایبەت بە تەقەمەنی و کەلوپەلی لۆجستی بردووەتە ناو خاکی سوریاوە، بەشێکی ئەو کۆمەکە سەربازیانە پێشکەش بە هێزەکانی سوریای دیموکراتی دەکرێت و بەشێکی بۆ پارێزگاریکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی باکوری سوریا تەرخاندەکرێت.