ماکرۆن بۆ دەسەڵاتدارانی لوبنان: چاکسازی نەکەن کۆمەکتان ناکەین

01/09/2020
فۆتۆ: 

ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە میانی سەردانەکەی بۆ لوبنان ڕایگەیاند، ئەگەر چاکسازی بنەڕەتی نەکرێت لە لوبناندا، ئەوا هیچ بڕەپارەیەک کۆمەکی لوبنان ناکرێت، بە تایبەت کۆمەکە داراییەکانی کۆنگرەی سیدەر.

ماکرۆن لە میانی بەسەرکردنەوەکانی لەبەیروت دەربارەی حکومەتی نوێی لوبنان ڕایگەیاند، ئەو پیاوە ناناسێت کە ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام پێویستە حکومەتی نوێی لوبنان بەخێرایی پێکبهێنرێت.

دەربارەی حزبوڵای لوبنانیش ماکرۆن وتی "حزبوڵا نوێنەرایەتی بەشێکی گەلی لوبنان دەکات، بەڵام ئەگەر بمانەوێت لوبنان هەلنەخلیسکێت بۆ نموونەیەک لەوەی دەستی تیرۆر کۆنترۆڵی بکات، پێویستە ئامۆژگاری حزبوڵا و ئەوانی دیکەش بکرێت، بەرپرسیارێتی خۆیان لەئەستۆ بگرن".

دواتریش ماکرۆن لە تویتەری خۆی نووسیویەتی "ئازادی گفتوگۆ و پێکەوەژیان، بەهای ڕەگ داکوناون لە لوبناندا، ئەم وڵاتە هێزی خۆی لە مێژووی سەد ساڵەی دەوڵەتی لوبنانەوە وەردەگرێت، بۆیە دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە، من لەبری گەلی فەڕەنسا پێیان دەڵێم بەردەوام لەپاڵتاندا دەوەستینەوە".