ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. چوار کۆڵبەر بەتەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران
چوار کۆڵبەر بەتەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
ورمێ
لە سنورەکانی سەردەشت و پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چوار کۆڵبەری دیکە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنوری ناوچەی قەلەڕەشی شاری سەردەشت-ی سەربە پارێزگای ورمێ، تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا سێ کۆڵبەر کوژراون .
هەنگاو ناسنامەی ئەو سێ کۆڵبەرەی بەناوەکانی، زانست حەسەن نەژاد، تەمەن ٢٥ ساڵ و زانکۆ ئەحمەدی، تەمەن ٢٢ ساڵ و سرووش ملکاری بڵاوکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سنوری زێوەی شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، تەقەیان لە کاسبکاران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی جەلال خزری، خەڵکی زێوە گیانی لەدەستداوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تاوەکو ئێستا تەرمی ئەو کۆڵبەرە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە .
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی مانگی رابردوودا، ٣١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و برینداربوون .
|