نەتەوە یەکگرتووەکان: برسێتی هەرەشە لەچوار وڵات دەکات

05/09/2020
فۆتۆ: 

ئەنتۆنیۆ گوتەریس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی چوار وڵات روبەڕوی مەترسی برسێتی بوونەتەوە، یەکێکیان عەرەبییە.

ئاژانسی ئەسۆشیەتدپرێس لە زاری گوتەریسەوە بڵاویکردەوە، بە یاداشتێک ئەنجومەنی ئاسایشی ئاگادارکردووەتەوە، سەبارەت بەدۆخی خراپی هەریەکە لەوڵاتەکانی یەمەن و کۆنگۆی دیموکراتی و باکور و خۆرهەڵاتی نایجریا و دەوڵەتی باشوری سودان.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامبوونی ئەو دۆخە گیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا گوتەریس جەختیکردەوە، کەلێنی بەرجەستە هەیە لە کۆمەککردنی هاوکارییە خۆراکییەکانی تایبەت بەو دەوڵەتانە، بۆیە دەبێت ئەو بابەتە بە پەلە چارەسەر بکرێت.

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەەشکرد، ئەو چوار وڵاتە چەندین ساڵە گیرۆدەی ناکۆکییە چەکدارییە بەردەوامەکان بوونەتەوە، لەئێستاشدا گیرۆدەی مەترسی برسێتی و ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیکردەوە، چەندین دەوڵەتی دیکەش دووچاری مەترسی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە، بە تایبەت وڵاتەکانی سۆماڵ و بۆرکینافاسۆ و ئەفغانستان.