باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا داخرا

06/09/2020
حەسەن جەنابی باڵیۆزی عێراق لە تورکیا
فۆتۆ: 

حەسەن جەنابی باڵیۆزی عێراق لە تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا داخراوە.

جەنابی لە لێدوانێکدا لە لاپەڕەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند "بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی داخستنی باڵیۆزخانەی عێراق لەبەردەم سەردانیکەراندا ڕادەگەیەنین تا ڕۆژی ١٤ ئەم مانگە، چونکە دڵنیابوونەتەوە لەوەی یەکێک لەو هاوڵاتیانەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک سەردانی باڵیۆزخانەکەی کردووە، بۆ بەڕێکردنی کارەکانی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و بەریەککەوتنی لەگەڵ زیاتر لەفەرمانبەرێک هەبووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا تەواوی باڵەخانەکە پاکژدەکەنەوە و پشکنینی وردیش بۆسەرجەم فەرمانبەرەکانیان دەکەن، بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەسەلامەتیان، بەر لەوەی دەست بە دەوامی فەرمی بکەنەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا باڵیۆزی عێراق لەتورکیا داواشی لەهاوڵاتیان کردووە تا هەفتەی داهاتوو لەبەر سەلامەتی تەندروستیان سەردانیان نەکەن.