دۆناڵد ترەمپ: ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەخێرایی بەرهەمدەهێندرێت

07/09/2020
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەڕێژەیەکی باش توانیویانە کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن و لەئێستاشدا ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەخێرایی بەرهەمدەهێندرێت.

جارێکی تر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بە ڤایرۆسێکی چینی ناوبرد و لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، "دەستمانکردووە بە کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا (ڤایرۆسە چینییەکە) بەڕێژەیەکی زۆرباش، بەتایبەتی کاتێک بەراورد دەکرێن بە وڵاتانی دیکە و ناوچەکانی تری جیهان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەخێرایی بەرهەمدەهێندرێت.

بەپێی دواین ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO )، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە ٢٧ ملیۆن و ٣٣٦ هەزار و ٩١٩ کەس لە سەرتاسەری جیهان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٨٩٣ هەزار و ٧٢٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٩ ملیۆن و ٤١٠ هەزار و ٨٦٤ کەسیش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.