لافاو و باران هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان هاوڵاتی سودانی دەکات

08/09/2020
فۆتۆ: 

بەهۆی بارانبارینی وەرزی و بەرپابوونی لافاوی فراوانەوە لە وڵاتی سودان، زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ١٠٠ هەزار خانووش ڕوخاوون و ژیانی ملیۆنان هاوڵاتی خستووەتە مەترسییەوە و ئاوی لافاو مەترسی بۆسەر ناوچە مێژووییەکانی ئەو وڵاتە دروستکردووە.

وەزارەتی ئاو و ئاودیری سودان بڵاویکردەوە، بەرزی ئاستی ئاوی ڕوبارەکان لە هەندێک شوێن گەیشتووەتە زیاتر لە ١٧ مەتر، کە ماوەی ١٠٠ ساڵە سودان بەو ئاستە بەرزبوونەوەی ئاوی بەخۆیەوە نەدیووە.

میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، لافاو زیانی بە ١٨٠ باڵەخانەی حکومی و سەدان کۆگای بازرگانی گەیاندووە و زیاتر لە ٥هەزار سەر رەشەوڵاخیش خنکاون و ئاو بردوونی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە ناوخۆییەکانی سودان، تا ئێوارەی دوێنێش باران بارین بەردەوام بووە، بەو هۆیەشەوە وزەی کارەبا لە زۆربەی زۆری سودان پچڕاوە.

لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووشەوە دەسەڵاتدارانی سودان باری نائاساییان لەسەرانسەری وڵاتەکەدا ڕاگەیاندووە.

لە لایەکی ترەوە (مارک مایۆ) بەڕێوەبەرەی یەکەی شوێنەواری فەڕەنسا لە سودان بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ناوچەی "بەحراویە"ی شوێنەواری مێژووی دێرینی ئەو وڵاتە کە پایەتەخی مێژوویی مەرویەکان بووە، مەترسی لافاوی لەسەرە.

ئاماژەی بەوەشکردووە بۆ بەرگرتن بە ئاوی بارانەکە دەسەڵاتدارانی سودان، بەربەستی گڵیان لەڕێگەی گونیە خۆڵەوە دروستکردووە و بە تروپاش ئاوەکە دوور دەخەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو شوێنەوارە دێرینە زیانی پێ نەگات، چونکە لەئێستادا ئاو تەنها ٥٠٠ مەتر دوور لە شوێنەکەوە.

شوێنەواری بەحراویە کە گۆڕستانێکی مێژوویی و هەرەمە بەناوبنەگانی ئەو وڵاتەش لەخۆی دەگرێت، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠ بەر لە زانین بەدرێژاییی ١٥٠٠ کلیۆمەتر بە دۆڵی نیلدا، کە لەباشوری خەرتومی پایتەختەوە درێژ دەبێتەوە تا سنوری میسر.

شوێنەوارەکە لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خرایە ناو لیستی شوێنەوارە مێژووییەکانی جیهانەوە لەڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

بۆ بەهاناوەچوونی سودان، ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سازکرد، بە مەبەستی هاوکاری کردنی سودانکە بەهۆی باران بارین و لافاوەوە زیانی زۆر گەورەی بەرکەوتووە.

کۆمکاری عەرەبی ڕاشیگەیاند، بەم نزیکانە فڕۆکەیەک بە کۆمەکی فریاگوزاری و مرۆییەوە روو لە سودان دەکات، بڕیاریش دراوە ژورێکی ئۆپراسیۆنی کتوپڕ بۆ چاودێریکردن و هاوکاریکردنی سودان پێکبهێنریت.