کاروانێک چای سریلانکا ئابڕوی سەرۆکایەتی لوبنان دەبات

09/09/2020
سەرۆک کۆماری لوبنان پێشوازیکرد لە باڵیۆزی سریلانکا لە لوبنان
فۆتۆ: 

دوای کێشمەکێشێکی زۆر سەبارەت بە چارەنووسی ١٢ تۆن لە ماسی مۆریتانی، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە پێشکەش بە گەلی لوبنان کرابوو، چالاکانی کۆمەڵایەتی پرسیارێکی دیکەیان وروژاندووە سەبارەت بە چارەنووسی کاروانێک (چاکی سیلانی) کە لەلایەن گەلی سریلانکاوە پێشکەش بە گەلی لوبنان و زیانلێکەوتوانی تەقینەوەی بەیروت کراوە .

لەژێر دروشمی (کوا سیلانی)؟ بە هەزاران هاوڵاتی لوبنانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر توتیان کردووە و پرسیاریان کردووە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هاوکاریەی حکومەتی سریلانکا بۆ گەلی لوبنان.

بەڵام ئەوەی مایە شۆک بوو، دەرچوونی بەیاننامەیەک بوو لە نوسینگەی سەرۆک کۆماری لوبنانەوە و تیایدا هاتووە "میشال عۆن سەرۆک کۆمار نامەیەکی ئاراستەی غاوتابایا ڕاجاباکسا سەرۆکی سریلانکا کردووە و سوپاسی کردووە، سەبارەت بە ناردنی ئەو دیاریەی کە بریتی بووە لە بڕێک (چای سیلانی) و ڕادەستی سوپا و چەند فەرمانگەیەکی سەرۆکایەتی کۆمار کراوە".

بەیاننامەکە بووە هۆی توڕەبوونی چالاکانی مەدەنی  و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی لوبنان ، بە تایبەت ئەو چایە سریلانکا وەک دیاری ناردوویەتی بۆ هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوو، کە بەهۆی تەقینەوەکەی بەیروتەوە زەرەمەندبوون، نەک وەک دیاری پێشکەش بە سەرۆک کۆمار و لیوای پاسەوانی کۆماری بکرێت.

چالاکانی مەدەنی باسیان لەوە کردووە، بەیاننامەکەی سەرۆکایەکی وردبینانە نییە و کەموکوڕی تیێدایە و پێچەوانەی بەیاننامەیەکی دیکەیە، کە لەلایەن میشال عۆنی سەرۆک کۆمارەوە دەرکراوە و قسە دەکات دەربارەی ئەو کاروانە چایە و چارەنووسەکەی.

ئەو کاروانە چایە نایابەی سریلانکا لە ١٤ مانگی ئابی ڕابردوودا گەیشتووەتە لوبنان، دەسەڵاتدارانی سریلانکا ویستوویانە وەک کۆمەک پێشکەش بە گەلی لوبنان بکرێت و جەختکردنەوەیە بۆ پشتیوانیکردن لە زیانلێکەوتوانی تەقینەوە ویرانکەرەکەی بەندەرەکەی ئەو وڵاتە.

لە ڕۆژی ٢٤ ئابی ڕابردوودا باڵیۆزی سریلانکا لە لوبنان سەردانی سەرۆکی لوبنانی کرد و سەرۆکی لوبنان سوپاسی گەلی سریلانکای کرد سەبارەت بە پێشکەشکردنی ئەو کاروانە چایەی کە پێشکەشکراوە بە زینلێکەوتووەکانی بەیروت.

لە هەژماری سەرۆکایەتی و لە تویتێکدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆک عۆن پێشوازی کردوە لە باڵیۆزی سریلانکا لە لوبنان و بەهۆی تەقینەوەکەی بەیروتەوە پرسە نامەی وڵاتەکەی گەیاندووەتە گەلی لوبنان و ئاماژەی بەوەشکردووە، سریلانکا بڕی یەک تۆن و ٦٧٥ کیلۆ گرام چای سیلانی وەک کۆمەک پێشکەشکردووە بە زیالنێکەوتووەکانی بەیروت، ئەو شێوەیەش لەهاوکاریی وەک دۆستایەتی وایە لەنێوان هەردوو گەلی لوبنان و سریلانکای دۆست.

دوای ئەو دیدارەش بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکایەتی لوبنان بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، چا سیلانیەکە وەک دیاری پێشکەش کراوە بە عۆن و ئەویش دابەشیکردووە بەسەر لیوای سەرۆکایەتی و خێزانەکانیان.

چالاکانی کۆمەڵایەتی سەرۆکایەتی کۆماریان تۆمەتبار کردووە بە چاوبەستکردن و دابەشکردنی چاکەش بەسەر لیوای سەرۆکایەتی کۆماردا کارێکی ئابڕوبەرانەیە، چونکە سریلانکا چاکەی پێشکەش کردووە بە زیانلێکەوتووەکانی بەیروت، نەک سەرۆک عۆن بەویستی خۆی مامەڵەی پێوە بکات و چۆنی بوێیت ئاوا دابەشی بکات بەسەر نزیکەکانی.

لەئێستاشدا بە هەزار تویت لەسەر ئەوبابەتە کراوە و زۆربەشی بە توندی ڕەخنە لەسەرۆکایەتی کۆمار و دەسەڵاتدارانی سیاسی دەگرێت و گومانی ئەوەشی دروستکردووە لەسەر سەرجەم ئەو کۆمەکانەی کە پێشکەش بە گەلی لوبنان کراونلە دوای تەقینەوەکەی بەیروت.

هەندێک لە میدیاکارانی لوبنان باس لەوە دەکەن سەرۆکایەتی کۆمار ئەو بەیاننامەیەی کۆتایی لەژێر فشاری میدیا و جەماوەریدا دەرکردووە، سەبارەت بە چارەنووسی کاروانە چایەکەی سریلانکا.

ژمارەیەکیش لە چالاکان و میدیاکارانی لوبنان بەشێوەیەکی گاڵەتەجاڕانە باسیان لە شێوازی دابەشکردنی چایەکە کردووە، ژمارەیەکیش پەیوەندییان بە باڵیۆزخانەی سریلانکاوە کردووە وەک ناڕەزاییەک لە دژی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان سەبارەت بەو کۆمەکەی حکومەتی سریلانکا.