پێکوتەی کۆرۆنا چۆن دەگات بە دانیشتوانی زەوی؟

10/09/2020
گواستنەوەی پێکوتەکە بە گەورەترین ئەرکی ئەم سەدەیە دادەنرێت
فۆتۆ: 

یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی ئاسمانی ئاشکرایکرد، دابەشکردنی پێکوتەی کۆرۆنا بەسەر هەموو دانیشتوانی گۆی زەویدا کێشەیەکی گەورەیە و پێویستی بە هەزاران فڕۆکە هەیە بە تایبەتمەندی پێویست.

یەکێتییەکە ڕایگەیاند، گەیاندنی پێکوتەکە بە نزیکەی ٧ ملیار و ٨٠٠ هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا ، پێویستی بە پردێکی ئاسمانی هەیە، کە هەشت هەزار فڕۆکەی جۆری بیۆنگی زەبەلاح کاری تیا بکەن.

ئەلیکسەندەر دی جۆنیاک سەرۆکی جیبەجێکاری یەکێتییەکە رایگەیاند، گەیاندنی دروستی چارەسەری کۆرۆنا ڤایرۆس گەورەترین ئەرکی ئەم سەدەیە دەبێت لەبواری پیشەسازی گەشتی ئاسمانیدا، بەڵام ئەو ئەرکە قورسە بەبێ پلانی پێشوەختەی ورد جێبەجێ ناکرێت.

گلین هیوز سەرۆکی کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی لەگۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەگوێرەی پێشبینییەکان هەر کەسێک پێویستی بە یەک ژەم لە پێکوتەکە هەیە، بۆ ئەگەر چارەسەرەکە پێویستی بە پلەی گەرمای تایبەت هەبێت بۆ پاراستنی، ئەوا هەموو فڕۆکەیەک گونجاو نییە بۆ گواستنەوەی پێکوتەکە، چونکە پلەی گەرمای گونجاو بۆ گواستنەوەی دەرمان ٨ پلەی سلیزییە، بۆ بارە بەستووەکان پێویستیان بە فرۆکەی زیاتر دەبێت.

بەهۆی ئەو بابەتەشەوە هەر لە ئێستاوە، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و فڕۆکەخانەکان و دەستە تەندروستییە گشتییەکان و کۆمپانیاکانی دەرمان، سەرقاڵی دانانی پلانێکی گونجاون، بۆ گواستنەوەی پێکوتەکە بۆ سەرانسەری جیهان، کە بەگەورەترین بەربەستی گەیاندنی چارەسەری کۆرۆنا دادەنرێت.

یەکێتی گواستنەوەی ئاسمانی دەڵێت "پێکوتەکان کاڵایەکی زۆر بەنرخنن بۆیە دەبێت ڕێوشوێنی زۆر پێویستی بۆ بگیرێتە بەر، بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگەنە شوێنی خۆیان و دوور بێت لە دزین و شێواندن و لەناوچوون".

لە دواکۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا ئاشکرا کرا، لەئیستادا ٣٥ پێکوتە کاندید کراوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت لەڕێگەی تاقیکردنەوەیان لەسەر مرۆڤەکان لەسەرانسەری جیهاندا، بۆ ئەوەی دەرئەنجام و کاریگەرییە لاوەکییەکانی بزانرێت.

بەگوێرەی زانیارییە ئاشکراکان تا ئێستا ٩ پێکوتەیان لە قۆناغی کۆتاییدان بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی بزانرێت، کە لەسەر هەزاران کەسی خۆبەخشت تاقیکراونەتەوە.