داوای بودجەیەکی زەبەلاح دەکرێت بۆ دابینکردنی پێکوتەی کۆرۆنا

10/09/2020
فۆتۆ: 

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆمەکێکی ٣٥ ملیار دۆلاری کردووە، لەپێناو پشتیوانیکردنی دارایی پرۆگرامی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ دابینکردنی پێکوتەی کۆرۆنا لەسەرانسەری جیهاندا.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری ئەنتۆنیۆ گوتەریس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان سورە لەسەر کۆکردنەوەی بڕی ١٥ ملیار دۆلار لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا.

تائێستا بڕی ٣ ملیار دۆلار کۆکراوەتەوە بۆ ئەو پڕۆگرامەی نەتەوە یەکگرتووە، لە کاتێکدا سکرتێری ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئەو کۆمەکەی بە بڕێکی کەمی سەرەتایی ناوبرد، کە ئامانجی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نەبووە.

سکرتێری ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بڕە لە١٠%ی ئەو بڕەیە کە پرۆگرامی تەندروستی جیهانی پێویستییەتی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیکردەوە، لەئێستادا ئەو بڕە پارانە پێویستییەکی هەنوکەیی و ڕاستەقینیە بۆ ئەوە پڕۆگرامەکە دەست بە فراوانی بکات.

ئەو وتانەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدایە، تا ئێستا لە جیهاندا ٢٨ ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە ٩٠٠ هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە  و زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەیشی چاکبوونەتەوە.

لەئێستاشدا کۆمپانیاکانی دەرمان لە جیهاندا پێشبڕکێیانە لەسەر دروستکردنی پێکوتەیەک بۆ چارەسەرکردنی کۆرۆنا، چاوەڕوانیش دەکرێت لەکۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو پێکوتەیەک بەردەست ببێت بۆ چارەسەرکردنی تووشبوانی کۆرۆنا.