دۆناڵد ترەمپ: بەحرەین و ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە

11/09/2020
کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و حەمەد عیسا میری بەحرەین
فۆتۆ: 

میدیاکانی ئیسرائیل لەزاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە بڵاویانکردەوە، چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ هەینی ڕێککەوتنی مێژووی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی بەحرەین و ئیسرائیل ڕابگەیەنرێت.

ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"بڵاویکردەوە، ترەمپ ڕێککەوتنی ئاسایی بوونەوەی نێوان ئیسرائیل و بەحرەین ڕادەگەیەنێت.

پێشتریش ڕادیۆی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دەوڵەتی بەحرەین ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە ئاشکرا بکات.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکەوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە، ئەمڕۆ هەینی بەحرەین ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت.

دوێنێ پێنجشەممە ترەمپ ڕایگەیاند، پێدەچێت دەوڵەتێکی دیکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکاتەوە، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە ئاشکرا بکات.

لە دوای ئیمارات، بەحرەین دووەم دەوڵەتی کەنداوە کە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی دەکاتەوە.

ڕۆژی ١٣ مانگی ئابی ڕابردوو ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و ئیسرائیل ڕێککەوتن لەسەر بنیاتنانی پەیوەندیی دیپلۆماتی تەواو لەنێوانیاندا.