بەحرەینیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە

11/09/2020
دۆناڵد ترەمپ و حەمەد عیساو بنیامین نەتەنیاهۆ
فۆتۆ: 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان دەوڵەتی بەحرەین و ئیسرائیلی ڕاگەیاند، وەک دووەم دەوڵەتی کەنداو کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.

لە تویتێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دۆناڵد ترەمپ وتی "دەستکەوتێکی مێژووی دیکە لەئەمڕۆدا، دوو دۆستی مەزن ئیسرائیل و پادشایەتی بەحرەین ڕیککەوتن لەسەر ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان و ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی مانگیکدا دووەم دەوڵەتی عەرەبی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ڕێککەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرائیل.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئەمریکا و بەحرەین و ئیسرائیل ڕایانگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و حەمەد عیسا سەلمان پادشای دەوڵەتی بەحرەین و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پێکەوە قسەیانکردووە و ڕێککەوتوون لەسەر بنیاتنانی پەیوەندیی دیپلۆماتی تەواو لەنێوان دەوڵەتی بەحرەین و ئیسرائیل.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هەنگاوە بەرەوپێشچوونێکی مێژووییە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان دوو کۆمەڵگەی دینامیکی و خاوەن ئابوری پێشکەوتوو، کە دەبێتە پشتیوانییەکی بەهێز بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی  لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادکردنی ئارامی و ئاسایش و پێشکەوتن لەناوچەکەدا.

هەر لەبەیاننامەکەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوپاسی دەوڵەتی بەحرەینی کردووە، بۆ میوانداریکردن لە وەرشەیەکی کاری ئاشتی لەپێناو گەشەکردنی مێژووی ئاشتی لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین لە ساڵی ٢٠١٩دا، لەپێناو ئاشتی گەلی فەلەستین.

هەریەکە لە پادشای بەحرەین و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ستایشی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایان کرد، لەپای هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی لەناوچەکە.

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، ڕێکەوتنەکە سەردەمێکی نوێی ئاشتییە لەناوچەکە، چونکە ئاشتییە لەپێناو ئاشتی و ئابوری لەبەرامبەر ئابوری.

هاوکات ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو پیرۆزبایی ڕێککەوتنەکەی لە ئیسرائیل و ئیمارات کرد و ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە دەبێتە پشتیوانی زیاتری ئاسایش و ئارامی و گەشەسەندنی ناوچەکە.

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسریش ڕێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوبرد و ڕایگەیاند، بە بایەخێکی زۆرەوە سەیری بەیاننامە مێژووییەکەی نێوان هەر سێ وڵاتی ئەمریکا و بەحرەین و ئیسرائیلی کردووە تایبەت بەڕێککەوتنی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماتی نێوان بەحرەین و ئیسرائیل.

لای خۆشییەوە ئیسرائیل ڕایگەیاند، چەسپاندنی ئاشتی لەناوچەکە هەلی ئەوە دەڕەخسێنێت بۆ هەموو موسڵمانەکان بە ئاشتی بێن سەردانی مزگەتی ئەقسا بکەن و نوێژی تیا ئەنجام بدەن، بۆیە ناوچە پیرۆزەکانی قودس کرا دەبن لەبەردەم نوێژخوێنان و موسڵمانان و سەرجەم ئایینەکان.

حکومەتی بەحرەین ئامادەیی خۆشی دەربڕیووە بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی ڕێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئیمارات و ئیسرائیل، کە بڕیارە ١٥ی ئەم مانگە لە کۆشکی سپی ئەمریکا ئیمزا بکرێت.

لە دوای ئیمارات، بەحرەین دووەم دەوڵەتی کەنداوە کە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی دەکاتەوە .

ڕۆژی ١٣ مانگی ئابی ڕابردوو ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و ئیسرائیل ڕێککەوتن لەسەر بنیاتنانی پەیوەندیی دیپلۆماتی تەواو لەنێوانیاندا .