کاریگەریی جەنگەکانی ئەمریکا لەسەر ئاوارەبوونی خەڵک

11/09/2020
فۆتۆ: 

زانکۆی براونی ئەمریکا لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەو ململانێانەی کە بەهۆی جەنگی دژەتیرۆر و دەستوەردانە سەربازییەکانی ئەمریکاوە هاتووەنەتە ئاراوە، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی ٣٧ ملیۆن کەس.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا، کە بەشێک لە ڕاپۆرتەکانی بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات داگیرکردنی عێراق و ئەو چەند ساڵە نائارامەی کە دوای ئەوە هاتنە ئاراوە، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ٩ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس تا ئێستا.

داگیرکردنەکە بە یەکێک لە هەشت گەورەترین ئۆپراسیۆن و هێرشی فراوانی ئەمریکا دادەنرێت، کە زۆرترین بودجەی بۆ تەرخانکراوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی کردووە بە دەستوەردانەکانی ئەمریکا، کە لەدوای هێرشەکانی ١١ی سیپتەمبەرەوە ڕوویاندا، وەک هێرشکردن و داگیرکردنی عێراق  ئۆپراسیۆنە فراوانەکان لە ئەفغانستان، یان ئەو ململانێیانەی کە بەشداری تیا کردووە، وەک لە لیبیا و سوریا، هەروەها ناردنی چەک و وەشاندنی گورزی سەربازی ئاسمانی لە یەمەن و سۆماڵ و فلیپین.

ڕۆژنامەی گاردیان ئاماژە بەوەش دەکات ڕاپۆرتەکە پشتی بەستووە بە زانیارییەکانی کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و چاودێریکردنی ئاوارەبوونی ناوخۆیی کە ڕوونیکردووەتەوە، ژمارەی ئاوارەکانی ناوخۆیی سوریا گەیشتووەتە ٧ ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەس، لە ئەفغانستان ژمارەی ئاوارەکان گەیشتووەتە ٥ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس، ژمارەی ئاوارەکان لە وڵاتی یەمەن گەیشتووەتە ٤ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس، سەبارەت بە وڵاتی سۆماڵ ڕاپۆرتەکە دەڵێت ٤ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون، لە وڵاتی پاکستانیش ٧ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس بەهۆی جەنگ و نارامییەکانەوە ئاوارە بوون، لە فلیپین یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس ئاوارە بووە، لە وڵاتی لیبیاش کە جەنگێکی قورسی تیا بەڕێوە دەچێت و چەندی لایەنی نێودەوڵەتی دەستیان تیا وەرداوە، ڕاپۆرتە دەڵێت، یەم ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بووە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکە ڕۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئامادەکارانی ڕاپۆرتەکە تێڕوانیان وایە کە بە تەنها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەپرسە لەو ئاوارەبوونەوە زۆرە، پشتگیری قسەکانیشیان بەوە هێناوەتەوە، کە زۆری بەرەکانی شەڕ و هیزە کاریگەرییە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیش بەشی خۆیان کاریگەرییان هەبووە لەسەر رەوشەکە.