دەروازەیەکی دیکەی سنوری لەنێوان ئێران و عێراق کرایەوە

12/09/2020
فۆتۆ: 

ڕوحوڵا لەتیفی وتەبێژی گومرگی ئێران ئاشکرایکرد، دەروازەیەکی سنوری نوی بەناوی دەروازەی "جەزابە"ی سنوری لەگەڵ عێراق لە باشوری خۆرئاوای وڵاتە بۆ هەناردەکردنی کەلوپەل کراوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز لە زاری لەتیفییەوە بڵاویکردەوە، دوای چەند هەفتەیەک لە کارکردن بۆ تاقیکردنەوە، ئەمڕۆ هەردوو بەڕێوەبەری گومرگی جەزایە ئێران و شیبی عێراق، ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە گومرگییەکان بەمەبەستی هەناردەکردنی کەلوپەل و کاڵا بۆ عێراق.

وتەبێژی گومرگی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر دەروازەکە بۆ تاقیکردنەوە وەک هەر دەروازەیەکی دیکەی عێراقی تەنها ڕۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە کاری تێدا دەکرێت.

جەختیشیکردەوە، لەماوەی تاقیکردنەوەکەدا ڕۆژانە ٣٠ بارهەڵگری لێوە پەڕیوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا ژمارەکە ڕۆژانە زیادیکردووە بۆ ١٧٠ بارهەڵگر کە زۆربەیان میوە و سەوزەیان بارکردووە.

دەروازەی جەزابە، دوا دەروازەی داخراوی نێوان عێراق و ئێران بوو، کەپێشتر بەهۆی بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆناوە داخرابوو، بەڵام دوای شەش مانگ دووبارە کرایەوە و ڕۆژانەی بارهەڵگرەکان لە ئێرانەوە لێوەی دێنە عێراقەوە.