گفتوگۆی ئاشتی ئەفغانستان لە قەتەر دەستی پێکرد

12/09/2020
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ شەممە لەدەوحەی پایتەخی قەتەر، نوێنەرانی حکومەتی ئەفغانستان و بزوتنەوەی تالیبان کۆبوونەوە، بە مەبەستی گفتوگۆی ئاشتی نێوانیان و کۆتایی هێنان بە جەنگیکی خوێناوی کە گیانی دەیان هەزار کەسی تیا بووەتە قوربانی.

لایەنە بەشداربووەکانی گفتوگۆکان پێکهاتوون لە عەبدوڵا عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی ئاشتی ئەفغانستان و، مەلا برادەر ئاخوند سەرۆکی بزوتنەوەی تالیبان و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

بەرلەدەستپێکردنی گفتوگۆکان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لایەنە بەشداربووەکانی هاندا ئەو هەلە بقۆزنەوە و ڕێککەوتنی ئاشتی ئیمزا بکەن، لەوبارەیەشەوە ڕایگەیاند، گفتوگۆکان بەچڕی سبەینێ دەستپێدەکەن، بەڵام پێویستی بە هیلاکبوونێکی زۆر هەیە، بەڵام دەکرێت ئاشتی تەواوەتی بچەسپێت.

پۆمپیۆ بەبەشداربوانی کۆبوونەکانی ڕاگەیاند "ئێوەن سیستمی سیاسی داهاتووی وڵاتەکەتان دیاری دەکەن، هیوادارم ماف ی هەموو ئەفغانییەکان پارێزراو بێت و ژنان بەشداری پێ بکەن لەژیانی گشتیدا".

گفتوگۆکانی نێوان لایەنە  ناکۆکەکانی ئەفغانستان دوای تێپەربوونی یەک ڕۆژ دێت بەسەر ١٩هەمین ساڵیادی هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر بۆسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دواتریش دەستوەردانی سەربازییی لەناوخۆیی ئەفغانستان.

لەدەقی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بزوتنەوەی تالیبان ئیمزا کراوە، ئاماژە بەوە دەکات هێزەکان دەبێت لە ئەفغانستان بکشێنەوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ  و ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشتی بۆ گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی .

دوای ئەوەی گفتوگۆکان بۆ ماوەی چەند مانگێک بوو دواخرابوو، هەفتەی ڕابردوو گفتوگۆکان دەستیان پێکردەوە و ئەو کێشەیەش چارەسەر کرا کە بزوتنەوەی تالیبان داوای ئازادکردنی ٥هەزار زیندانی خۆی دەکرد.