سوپای پاسداران هەڕەشە لە بەحرەین دەکات
سوپای پاسدارانی ئێران
فۆتۆ:
سوپای پاسدارانی ئێران بە توندی ئیدانەی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەحرەین و ئیسرائیلی کرد و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکان سەرکەوتوو نابن لە وەدیهێنانی هیچ دەستکەوتێک بۆ ئەمریکا و ئەوانەی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن.
لەبەیاننامەیەکدا سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە "پێویستە لەسەر پادشای بەحرەین چاوەڕوانی تۆڵەی توند بکات لە موجاهیدەکانی قودس و گەلی موسڵمانی ئەو وڵاتە".
سوپای پاسداران ئەو هەنگاوەی بەحرەینیان بە شەرمهێن ناوبردووە بۆ دەسەڵاتدارانی ئال حەلیفە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی بە "بەکرێگیراو" ناوبردووە، کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە "دۆمینەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی قەوارەی زایۆنی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتانی عەرەبی بە ئەندازیاری کۆشکی سپی و سەرۆکی ئەمریکای بێزراو، کە زەلیلی بەسەر دەوڵەتانی ئیسلامیدا سەپاندووە و سەروەتەکەشیان دەدزێت و ئارامی بۆ داگیرکەرانی فەلەستین دابین دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا هیچ ئەنجامێکی نابێت".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا سوپای پاسداران هۆشداری داوەتە دەسەڵاتدارانی بەحرەین بە تایبەتی و کەنداو بە گشتی، لە کردنەوەی دەرگا لەبەردەم هەژموونی ئیسرائیل و فراوانبوونی لەناوچەی کەنداوی فارس و دەریا عومانی ستراتیژی.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەریەکە لە دەوڵەتی بەحرەین و ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە و ئەو هەنگاوەشی بە دەستکەوتێکی مێژووی ناوبرد.
|