کۆریای باکور.. بەهۆی گفتوگۆیەک لەسەر نانخواردن پێنج کەس لەسێدارە دران

12/09/2020
فۆتۆ: 

ڕاپۆرتێکی هەواڵی باس لەوە دەکات سەرکردە گەنجەکەی کۆریای باکور، پێنج فەرمانبەری لە وەزارەتی ئابوری لەسێدارە داوە، دوای ئەوەی لەسەر نانخواردن رەخنەیان لە سیاسەتەکانی ئابوری وڵاتەکەیان گرتووە لە چوارچێوەیەکی زۆر تەسکدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەو پێنج بەرپرسە لە ڕۆژی ٣٠ حوزەیرانی ڕابردوودا یەک لەدوای یەک گولـلەباران کراون، دوای ئەوەی ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی کیم جۆنگ ئون گرتووە، کە وایکردووە کۆریای باکور یەکێک بێت لە دەوڵەتە هەرە هەژارەکانی جیهان.

ئەم جۆرە لەسێدارەدان لەلایەن سەرۆکی کۆریای باکورەوە نوێ نییە، لە کاتێکدا پێشتر دەستپێشخەر بووە بۆ لەسێدارەدانی بەرپرسە باڵاکانی ڕژێمەکەی، تەنانەت کەسە هەرە نزیکەکانی خۆشی.

ماڵپەڕی (نۆرس ئێن کەی) تایبەت بە کاروباری کۆریای باکور ڕایگەیاندووە، وردەکاری قسە و گفتوگۆی ئەو پێنج کەسە گەیشتووەتەوە بە سەرۆی خۆیان و دواتریش لەلایەن پۆلیسی نهێنی کۆریای باکورەوە دەستبەسەر کراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پێنج کەسە لەسێدارەدراوە لەکاتی ئامادەبوونیان لە ئاهەنگێکی نانخواردندا، گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە دۆخی خراپی ئابوری وڵاتە پەراوێزەکەیان.

قسەیان کردووە دەربارەی ئەوەی پێویستە چاکسازی بکرێت لەبواری پیشەسازیدا، لەگەڵ بەردەوام بوونی بەرهەمی کەم لە کەلوپەلەکانی بەکارهێنان.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، کۆریای باکور پێویستی بە وڵاتانی بیانی هەیە بۆ ئەوەی کاریگەریی گەمارۆکانی لەسەر کەمبێتەوە.

هەرچەندە ئەو قسە و گفتوگۆیە لەچوارچێویەکی زۆر بەرتەسکدا بووە، بەڵام دوور نەبووە لەچاوی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەیان.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات وەزیری ئابوری و سەرۆکی کۆریای باکور ئاگادارکراونەتەوە لە دەقی گفتوگۆکە و وەک ماڵپەڕەکە ئاشکرایکردووە، سەرۆکی کۆریای باکور ڕایگەیاندووە، ئەم کەسانە بە قسەکانیان نەوەکانی داهاتوو وێران دەکەن.

دوای نانخواردنەکە ئەو فەرمانبەرانە بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک کراون و ڕاستەوخۆ دەستگیر کراون و بەزۆر دانپێنانیان پێ تۆمارکراوە بەوەی دژی دەسەڵاتی وڵاتەکەیانن و گولـلەباران کراون.

سەرۆکی کۆریای باکور بە تەنها ڕازی نەبووە بە گولـلەبارانکردنیان، بەڵکو خێزانەکانیشیان رەوانەی سەربازگەی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی کراون.

کۆریای باکور کە سیستمی کۆمۆنیستی پەیڕەو دەکات، پەردەیەکی ئاسنینین بەسەر زانیار و راگەیاندن لە وڵاتەکەی سەپاندووە، بۆیە زۆر قورسە لێکۆڵینەوە لەو زانیارییانە بکرێت کە لەو وڵاتەوە دزەدەکەن بۆ کۆریای باشور.