ئەکتەری ناوداری هیندی هۆکاری خواردنەوەی میزی مانگا ئاشکرا دەکات

12/09/2020
ئەکتەری ناوداری هیندی هۆکاری خواردنەوەی میزی مانگا ئاشکرا دەکات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هیندستان

ئەکشای کۆمار ئەکتەری ناودار و ئەستێرەی سینەمای هیندستان هۆکاری خواردنەوەی میزی مانگا ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئەو کارە تەندروستییەکی باشی پێبەخشیوە.

ئەکشای کۆمار لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژانە بەڕێژەیەکی کەم میزی مانگە دەخواتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لەشولارێکی بەهێز و تەندروستییەکی باشی هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەزاران ساڵ لەمەوبەر میزی مانگا وەک چارەسەرێك بۆ نەخۆشییە جیاوازەکان بەکار هاتووە و ئێستاش دەتوانرێت لە سیستمی تەندروستیدا کەڵکی لێوەربگیرێت.



ئەکشای کۆمار پێیوایە، کاتێک مانگا لە دەشت و دەر و لەوەڕگا ئەو گژوگیایانە دەخوات کە بۆ دەرمان و چارەسەر کەڵكیان لێوەردەگیرێت، پێکهاتەی ئەو گژوگیایانە لە میزی مانگادا خۆی دەبینێتەوە و سوودی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە.

هەرچەندە تایفەی هیندوسەکانی هیندستان مانگا و پاشەڕۆکەی بە پیرۆز لە قەڵەم دەدەن، لەهەمانکاتدا وەک چارەسەرێکیش بۆ کۆمەڵێک نەخۆشی بەکاریدەهێنن، بەڵام تائێستا هیچ توێژینەوەیەکی پزیشکی ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
 

لە ئێستاد پاشەڕۆی مانگا لەوڵاتی هیندستان یەکێکە لەو پێکهاتانەی کە دەچێتە نێو پیشەسازی دروستکردنی هەویری پاککردنەوەی ددانەوە.