کەسوکاری نەخۆشێک لەهەولێر هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەیەک

13/09/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی فریاکەوتی ڕۆژئاوای هەولێر دەکات لە لایەن کەسوکاری نەخۆشێکەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بلاویکردەوە، چەند کەسێکی خانەوادەی نەخۆشێک هێرشی ناڕەوا و نابەجێیان کردووەتە سەر پزیشکێکی نیشتەجێ و کارمەندانی نەخۆشخانەکە لەکاتی ئەرکی مرۆڤدستانە و خزمەتکردنی هاوڵاتیان و قسەی نەشیاویان بە پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەران گوتووە تا ڕادەی لێدان .

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری تەندروستی لەگەڵ  وەزیری ناوخۆ و لایەنی پەیوەندار لەسەر هێڵ و پەیوەندی دایە و داوای پەلەی کرد بۆ دەستگیرکردنی تەواوی تاوانبارانی ئەم ڕوداوە و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا و سزادانیان و لێکوڵینەوە لە کەسانی کەمتەرخەم بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانە .

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە وەزیری تەندروستی پەیوەندی بە نەخۆشخانە و پزیشکی تاوان لێکراو کرد و پێیڕاگەیاندن کەوا تەواوی دامودەزگای پەیوەندار ڕێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ بەسزا گەیشتنی تاوانباران و پاراستنی شکۆی نەخۆشخانە و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی .

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، دیاردەی هێرشکردنە سەر پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و زیان گەیاندن بە کەلوپەلی نەخۆشخانەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە.