کۆمسیۆن: بە پێنج مەرج ئامادەین هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەین

14/09/2020
فۆتۆ: 

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند بە پێنج مەرج ئامادەن هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدەن.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر قسەکانی دوێنێی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان دەرکردوە و ڕایگەیاندوە جەختکردنەوەی مەرجەعی باڵا لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد داواکاری هاوڵاتیانیشە.

کۆمسیۆن ڕایگەیاندوە مەرجەکەکان ئەوەیە پەرلەمان بە زوترین کات یاسای هەڵبژاردنەکان تەواوبکات بۆ ئەوەی کۆمسیۆن بەپێی یاساکە کارەکانی بکات.

هەروەها پەرلەمان یاسایی دادگای فیدراڵی هەمواربکات چونکە دادگاکە لە ئێستادا بەهۆی خانەنشینیبوونی ئەندامێکیەوە پەکی کەوتووە و دادگاکە تەنیا لایەنە بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق داواشیکردوە حکومەت بودجەیەکی تایبەت بە هەڵبژاردنەکە تەرخان بکات بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی هەڵبژاردنەکە دابین بکرێت.

کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشکردوە بەزوترین کات ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمسیۆن پەسەندبکات و داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بکات هاوکاری کۆمسیۆن بکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنی لە دیداری جینین بلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان،عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان ڕایگەیاند پێویستە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاک و بێگەرد ئەنجامبدرێت.