تەندروستی جیهانی: کۆرۆنا لە جیهاندا ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات

14/09/2020
فۆتۆ: 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، تووشبوون بە کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە، بەشێوەیەک لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە ٣٠٧ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٠٧ هەزار و ٩٣٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە ٥٥٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، بەوەش ژمارەی سەرجەم ئەو کەسانەی بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەت ٩١٧ هەزار و ٤١٧ کەس.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشکرد، زۆترین ژمارەی تووشبوون لە هیندستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەرازیل تۆمار کراوە.

لەسەر ئاستی جیهانیش تا ئیستا زیاتر لە ٢٨ ملیۆن کەس تووشی پەتاکە بوون، لەو ژمارەیەش نیوەیان لە هەردوو کیشوەری ئەمریکایە.

ژمارەی پێوانەیی پێشووتری تووشبوون بە پەتاکە لە یەک ڕۆژدا لە ڕۆژی ٦ی ئەیلولدا بووە، کە لە ٢٤ کاتژمێردا ٣٠٦ هەزار و ٨٥٧ کەس تووشی کۆرۆنا بوون.

بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەهیندستان لەیەک ڕۆژدا ٩٤هەزار و ٣٧٢ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٤٥ هەزار و ٥٢٣ کەس و لە بەرازیلیش ٤٣ هەزار و ٧١٨ کەس لە یەک ڕۆژدا.

تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بە تەنها لە هیندستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زیاتر لە هەزار کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە بەرازیلدا ٨٧٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.

سەبارەت بە دۆخی وڵاتانی ئەوروپاش، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، لەسەرجەم ناوچە جیاجیاکانی ئەوروپا ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا بەرەو بەرزبوونەوە چووە، بەشێوەیەک ترسی ئەوە هەیە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا لەئەوروپادا دەستپێبکات.

ناوەندە تەندروستییەکانی ئەوروپا داوا لە هاوڵاتیان دەکەن پابەندی ڕێنماییەکان بن و دەمامک بپۆشن و پەیڕەوی بنەماکانی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی بکەن.

لە وڵاتەکانی پیرۆ و ئیسرائیل و کۆریای باشور و ئوسترالیاش ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا بەرەو زیادبوون چووەتەوە و ترس و دوودڵی لای دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە دروستکردووە.