بەبەهای 250 ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشکەش بەوەزارەتی پێشمەرگە کرا

15/09/2020
ئەمریکا بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات
فۆتۆ: فۆتۆ: وەزارەتی پێشمەرگە
هەولێر

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کرد.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێم ڕایگەیاند، ئه‌مڕۆ 15ی 9ی 2020 به‌شداریانکردووە، له‌مه‌راسیمی راده‌ستكردنی كۆمه‌ك و هاوكارییە سه‌ربازییه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئەمریکا بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ .

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ماسیۆ توله‌ر باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق و رۆب واله‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر بەڕێوەچووە، وتیشی، كۆمه‌ك و هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی نێودەوڵەتی، په‌یوه‌سته به‌ پرسی خۆرێكخستنه‌وه‌ی زیاتری هێزه‌كانی پێشمەرگە و جێبه‌جێكردنی ته‌واوه‌تی پڕۆسه‌ی چاكسازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.

هەر لە مەراسیمەکەدا ماسیۆ توله‌ر باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق ئاشکرایکردووە، وڵاتەکەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازی و ئامێری چاککردنەوە، به‌های 250 ملیۆن دۆلار، پێشکەش بەو وەزارەتی پێشمەرگە کردووە، ئەوە جگە لەوەی تیمێک ئامادەکراوە بۆ راهێنان و مه‌شقپێکردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌لوپه‌لانه.

باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق راشیگەیاندووە،‌ به‌رده‌وام دەبن له‌پاڵپشتی و هاوكاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیای خراپ و تیرۆریستان و پاراستنی سه‌قامگیری هه‌رێم و ناوچه‌كه.