ئیمارات و بەحرەین ڕێککەوتنی ئاشتیان لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزا کرد

15/09/2020
فۆتۆ: 

لە کۆشکی سپی ئەمریکا ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی پەیماننامەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو بەحرەین بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا دۆناڵد ترەمپ پێشوازی لە ئامادەبوان کرد و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دواتر بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتەیەکدا سوپای ئەمریکا و لێپرسراوانی ئیدارەی ترەمپ و وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و بەحرەینی کرد، کە ئەمڕۆ بۆ ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنامەکە گەیشتنە واشنتۆن.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی و سەرەتایەکی نوێیە لەئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات سوپاس ترەمپی کرد کە لە ڕۆژە سەخت و یەکلاکەرەوەکاندا لە پاڵ ئیسرائیلدا وەستاوەتەوە.

نەتەنیاهۆ جەختیکردەوە بەم نزیکانە وڵاتانی دیکەش دەچنە کەشتی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەگەڵ ئیسرائیل ڕێککەوتنامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا دەکەن.

ڕوونیشیکردەوە ئاشتی ئەمڕۆ بەتەنها لەنێوان سەرکردەی ئەم وڵاتانەدا نییە، بەڵکو لەنێوان گەلانی ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەینیشدایە.

لە لایەکی ترەوە عەبدوڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا نەبوایە ئەم دەستپێشخەریەی ئاشتی روو نەدەدا.

هاوکات سوپاسی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد کە ئاشتی هەڵبژارد، جەختیشیکردەوە جگە لە ئاشتی هەموو بژاردەیەک بە واتای ویرانکاری و هەژاری و نەهامەتی مرۆڤایەتی.

وەزیری دەرەوەی ئیمارات ڕاشیگەیاند، پەیماننامەی ئاشتی وایان لێدەکات زیاتر لە پاڵ گەلی فەلەستیندا بوەستنەوە، ئامانج لە پەیماننامە ئاشتییەکان کارکردنە لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایشی ناوچەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت نەوەکانی داهاتوویان بە ئاشتی بژین.

هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا عەبدولـلەتیف زەیانی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی بەحرەین ڕایگەیاند، ستایشی هەوڵەکانی ئیسرائیل دەکەن لە هەنگاوەکانی ئاشتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا بوون بووە هۆی ئەویە ئاشتی ببێتە شتێکی بەرجەستەکراو.

وەزیری دەرەوەی بەحرەین جەختیشکردەوە، ڕێککەوتنی ئاشتی ئەمڕۆ هەنگاوێکی گرنگە، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەک پارێگاری لێ بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، نابێتى کات بەفێرۆ بدەن و سود لەم هەلە وەربگرن.

دواتریش بە چاودێری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بە ئامادەبوونی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدوڵا زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات و عەبدولـلەتیف زەیانی وەزیری دەرەوەی بەحرەین ڕێککەوتنەکە ئیمزار کرا.