تورکیا گوندەکانی ناحیەی دەرکار لە زاخۆ بۆردوماندەکات

15/09/2020
بۆردومانکردنی سنورەکانی هەرێم لەلایەن سوپای تورکیاوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانی سنوری ناحیەی دەرکار لە قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆک بۆردوماندەکەن.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان ڕایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، گوندەکانی شەرانشی سەروو و چیای خامتیر-یان لە ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ، بۆردومانکرد

لەوبارەیەشەوە سەرچاوەیەک لە ناحیەی دەرکار بە تۆڕی ھەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، کاتژمێر 8:35 خولەکی ئەمشەو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند جارێک، گوندی شەرانشی سەروو و چیای خامتیر-یان بەچڕی بۆردومانکرد

ئاماژە بەوەشکرد، بۆردومانەکە زیانێکی زوری بە ڕەز و باخی دانیشتووانی ناوچەکە گەیاندووە، هەروەک ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لای ھاوڵاتیان دروستکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا بۆردومانەکە بەردەوامە و جاربەجار فڕوکەکانی سیخوری تورکیا بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.

ماوەی سێ مانگە سوپای تورکیا بە بیانوی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی سنورەکانی پارێزگای دھۆک، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک ھاوڵاتی مەدەنی شەهید و برینداربوون و زیانی ماددی زۆریشی بە دانیشتووانی ناوچە سنورییەکان گەیاندووە.