ترەمپ: ویستم بەشار ئەسەد بکوژم وەزیری بەرگری نەیهێشت

15/09/2020
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

بۆ یەکەمجار سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایدەکات کە ساڵی ٢٠١٧ ویستوویەتی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بکوژێت، بەڵام وەزیری بەرگری ئەو کاتی وڵاتەکەی رێگری لەو کارە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەکانی واشنتن پۆست و هەئارتز، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپیکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە، دوای هێرشە کیمیاییەکەی ساڵی ٢٠١٧ی سوپای سوریا بۆسەر چەند ناوچەیەکەی ئەو وڵاتە، بەباشی زانیوە کۆتایی بە ژیانی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بهێنێت.

ترەمپ دەڵێت، " ئامادەکاریی تەواوەتیم بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە کردبوو، بەڵام جەیمز مەتیس وەزیری بەرگری ئەو کات نەیهێشت ئەو کارە بکەم".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە پاشگەزبوونەوەی ئەو بڕیارە پەشیمان نییە چونکە پێیوایە پێدەچێت ئەسەد بیتوانیایە بەشێوەیەکی تر لەو پیلانە خۆی دەرباز بکات.

ئەم لێدوانەی ترەمپ لەکاتێکدایە کە پێشتر و ساڵی ٢٠١٨، بۆب وۆدوارد رۆژنامەنوسی دیاری ئەمریکی، لە کتێبێکدا بەناوی "ترس"، ئەو بابەتەی درکاندبوو.

بۆب وۆدوارد لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە دوابەداوی هێرشە کیماییەکەی مانگی ٤ی ٢٠١٧، ترەمپ داوای لە جەیمز مەتیس وەزیری بەرگری ئەو کاتی ئەمریکا کردووە کۆتایی بە ژیانی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بهێنێت.