ترەمپ: چاوەڕواندەکرێت سعودیە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە

16/09/2020
ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین- کۆشکی سپی
فۆتۆ: 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، پێشبینی کرد سعودیەش دان بنێت بە ئیسرائیلدا و ئێستاش کاتەکەی گونجاوە بچێتە کاروانی ئیمارات و بەحرەینەوە، کە دوێنێ لە کۆشکی سپی دوو ریککەوتنامەی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزا کرد.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەری ئەوە هەیە کە ٧ بۆ ٨ دەوڵەتی دیکە ڕێککەوتنی هاوشێوەی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا بکەن، کە چاوەڕواندەکرێت سعودیە یەکێک بێت لەو دەوڵەتانە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، قسەی لەگەڵ شا سەلمان پادشای سعودیە کردووە و لەکاتی گونجاودا دەچنە ڕیزی ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی دەکاتەوە.

بەڵام تا ئێستا سعودیە هیچ هەڵوێستێکی ڕانەگەیاندووە سەبارەت بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنامەی نێوان بەحرەین و ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل و ئەو لێدوانانەش کە لەسەر زاری ترەمپ و لێپرسراوانی تری ئەمریکا کراوە سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی سعودیە لە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا.

ئەو لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە لە مانگی ئابی ڕابردوودا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی ناکەنەوە، تا ئەو کاتەی ئیسرائیل و فەلەستین ڕێککدەکەونلەسەر بنەماکانی ئەوپێوەرانەی کە دەستپێشخەری عەرەبی بۆ ئاشتی دیاریکراوە لە ساڵی ٢٠٠٢ و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار.

دوێنێ لە کۆشکی سپی ئەمریکا بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و محەمەد بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات و عەبدولـلەتیف زەیانی وەزیری دەرەوەی بەحرەین، ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی پەیماننامەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو بەحرەین بەڕێوەچوو.