ژیان وردەكاری كوشتنی خێزانەكەی بەغدا ئاشكرا دەكات

16/09/2020
فۆتۆ: 

كەسوكاری ئەو خێزانەی كە شەوی رابردوو لە بەغدا كوژران زانیاری لەبارەی كوشتنی خێزانەكە ئاشكرا دەكەن و رایدەگەینن باوك و دایكی خێزانەكە بە چەقۆ كوژراون و كچەكەشیان خنكێندراوە.

ئاشنا بابان، خوشكەزای دارا رەوف، كە شەوی رابردوو لە شاری بەغدا خاڵی و هاوسەرەكەی و كچەكەی كوژران، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: تا ئیٍَستا زانیاریەكان زانیاری كۆتایی نین، لەبەر ئەوەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە بەردەوامن. 

ئەو وتیشی، خاڵم و خاڵۆژنم بە چەقۆ لە نێو حەمامی ماڵەكەدا كوژراون، كچەكەشیان خنكێندراوە، هێزە ئەمنیەكان زانیاری ناخەنەڕوو لەبەر رەوتی لێكۆڵینەوەكان بەڵام پێیانوتووین چەند تۆمەتبارێك دەستگیر كراون. 

ئاشنا بابان وتیشی: خاڵم چەند رۆژێك پێش ئێستا پەیوەندی كرد و داوایكرد شوێنێكی نیشتەجێبوونی بۆ دابین بكەین دیاربوو بڕیارەكەیان بەپەلە بوو،  كچەكەیان دەرمانخانەی هەبووە فرۆشتویەتی و سەرجەم موڵكو ماڵەكانی دیكەشیان خستووەتە سەر مامەڵە و پارەكانیان لە بانكیش راكێشاوەتەوە. 

بابان ئەوەشی راگەیاند، بۆ ئێمە جێی گومانە كە تەنها لە پێناوی پارەكەدا بووبێت، چونكە ئەگەر وابوایە پارەكەیان دەبرد، سەبارەت بە دەستدرێژیكردنە سەر كچەكەیان تا ئێسٍتا زانیاریەكان پشتراست نەكراونەتەوە بۆیە ناتوانین لەو بارەیەوە هیچ بڵێین تا دوای لێكۆڵینەوەكان. 

ئەوەی روونكردەوە خاڵی كەسێك بووە كە هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نەبووە، وە ئەو لە چوارچێ,ەی پیشەكەی خۆیدا زۆر دژی گەڵندەڵی و نایەكسانی بووە.