حکومەتی سوریا وەڵامی ترەمپی دایەوە

16/09/2020
بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا
فۆتۆ: 

حکومەتی دیمەشق هەڵسوکەوتیی ئیدارەی ئەمریکای بە شەڕەنگێزانە ناوبرد، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ وەزیری بەرگریدا گفتوگۆی کردووە لەسەر کوشتنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، لێدوانەکانی سەرۆکایەتی ئیدارەی ئەمریکا سەبارەت بە کردنە ئامانجی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا، دەریدەخات کە ئاستی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی ئیدارەی ئەمریکا گەیشتووتە چی ئاستێکی نزم.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕاشیگەیاندووە، ئەو دەربڕینە ئاماژەیە بۆ سیتمی ڕێگری و چەتەیی و لەڕێگەی تاوانەوە دەیانەوێت بگەن بە خواست و ئاواتەکانیان.

ئاژانسی سانای فەرمی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە "دانپێدانانی ترەمپ بە هەنگاوێکی لەوشێوەیەدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا دەوڵەتێکی سەرکەش و لەیاسا دەرچووە و هەمان شێوازی کارکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە کوشتن و لەناوبردن دەگرێتە بەر، بێ لەبەرچاوگرتنی بنەما یاسایی و مرۆێیەکان لەپێناو وەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا".

ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا لەکاتێکدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٧دا ویستوویەتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لەناوبەرێت، بەڵام جەیمیس ماتیس وەزیری بەرگری ئەو کاتەی وڵاتەکەی ڕێگەی لێگرتووە، هۆکارەکەشی بۆ بۆردومانکردنە کیماییەکەی خان شەیخونی پارێزگای ئیدلب بووە، کە سێ ساڵ زیاتر لەومەر کرایە سەر ئەو شارە و دەسەڵاتدارانی سوریا تۆمەتبار کران بە ئەنجامدانی.