کازمی: ئەنجومەنێک بۆ دامەزراندن لە فەرمانگەکانی دەوڵەت پێکدەهێنین

16/09/2020
کۆبوونەوەی مستەفا کازمی لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای میسان
فۆتۆ: 

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەم نزیکانە ئەنجومەنی ڕێکخستنی دامەزراندن لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ڕادەگەیەنێت، بەگوێرەی ئەو پلانەی کە بۆی داڕێژراوە.

لە بەیاننامەیەکدا نوسیگەی کازمی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە پەراوێزی سەردانەکەی بۆ پارێزگای میسان، چاوی بە نوێنەرانی خۆپیشاندەران و لیژنە هەماهەنگییەکانی خۆپیشاندانەکانی پارێزگاکە کەتووە، لە کۆبوونەوەیەکدا گوێبیستی داواکانیان بووە کە بەگشتی لە بەرژەوەندی هەستانەوەی پارێزگاکە و ڕۆڵەکانی بووە.

کازمی لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردووەتەوە بەم نزیکانە ئەنجومەنی باڵای خزمەت ڕادەگەیەنێت، کە کاردەکات لەسەر ڕێکخستنی دامەزراندن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەگوێرەی ئەو پلانەی کە داڕێژراوە، بۆ وەدیهێنانی دادپەروەرییی بۆ ئەو کەسانەی داوا پێشکەش دەکەن و دەرگاش دادەخات لەبەردەم هەر هەوڵێک بە بدرێت بۆ بەلاڕێدا بردین ئەو دۆسییە".

بە گوێرەی بەیاننامەکەی نوسینگەی کازمی، لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە، حکومەتەکەی ڕوبەڕوی فشار و ڕێگری بووەتەوە، لەئێستاشدا کاردەکات لەسەر زیندووهێشتنەوەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ڕابردوو، چونکە بەکارهێنانی توندوتیژی و چەک سوودی نییەو دەوڵەتی پێ بنیات نانرێت، بەڵکو چارەسەری ڕیشەیی سەروەریی یاسا و وەدیهێنانی یەکسانی دادپەوەرییەوە.

ئەمڕۆ بۆ لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە کێشە و گرفتەکانی شارەکان و بینینی نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی پارێزگاکە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای میسانی کرد لە باشوری عێراق.