ئەو کەسانەی پەلاماری خاوەن پشکەکانی چاڤی لاندنیاندا کێ بوون؟

16/09/2020
فۆتۆ: 

ئێوارەی ئەمڕۆ گردبونەوەی بەشێک لە خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند لەبەردەم دەرگای گوندی ئەڵمانی ئەنجامدرا و گردبونەوەکە گرژی و ئاڵۆزی لێ کەوتەوە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەکان سەرەتای گرژیەکە بە هاتنە ناوەوە پەلاماردانی دیار حسێن ناسراوە بە (دیاری کادیا) ژنبرای شاسوار عەبدولواحید دەستیپێکرد، کە پەلاماری دەهۆڵژەنێکی ناو گردبونەوەکەی دا.

لەگەڵ ئەو کەسەدا چەند کەسێکی دیکەش هاتنە ناو گردبونەوەکە و پەلاماری خاوەن پشكەکانیان دا کە سەرجەمیان لە بارەگای سەرەکی نەوەی نوێ کاردەکەن یان پاسەوانێتی شاسوار عەبدولواحید دەکەن.

جگە لە ژنبراکەی شاسوار عەبدولواحید کە دەستپێشخەری پەلاماردانەکەی کرد کەسێکی دیکەش پەلاماری خۆپیشاندەرانیدا ئەویش ناوی(کارزانە) و شۆفێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحیدە.

ئەوە جێگەی سەرنجە ژنبرا و شۆفێرەکەی شاسوار عەبدالواحید پەلاماری مایک و کامێرای ئەو کەناڵە ڕاگەیەندنانەشیاندا کە ڕوماڵی گردبونەوەکەی خاوەن پشکەکانیان کرد.

هەرزوو خاوەن پشكەکان ڕایانگەیاند ئەو کەسانە پاسەوان و نێردراوی شاسوار عەبدولواحیدن بۆ تێکدانی گردبونەوەکەیان و دەیانەوێت بەلاڕێدابەرن.

خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند کە ژمارەیان نزیکەی 10 هەزار کەسە ئەمە چەندین جارە لەبەردەم گوندی ئەڵمانی و پرۆژەی چاڤی لاند گردبونەوە دەکەن و داوای مافی خۆیان دەکەن.

پرۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند هی کۆمپانیای چاڤی گەشتیاریە کە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی گروپی کۆمپانیاکانی نالیا و لە 29 ئایاری 2013 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتەوە کراوەتەوە و پرۆژەیەکی هاوپشکی سنوردارە و سەدا 78 پشکەکانی هی شاسوار عەبدولواحیدە.

بەپێی گریبەستی پرۆژەکە و خاوەن پشکەکان پێویستە ساڵانە قازانجی پرۆژە دابەشبکرێت، بەڵام خاوەن پشکەکان دەڵێن تەنیا دوجار قازانجیان وەرگرتووە ئەویش شەش مانگی یەکەمی پرۆژەکە و ساڵی دواتر ئیتر ئەوە چەند ساڵێکە هیچ بڕە قازانجێکیان وەرنەگرتووە.

خاوەن پشكەکان لەرێگای دادگاوە دەیان سکاڵایان لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمارکردوە بەڵام تا ئێستا دۆسیەکە بە خاوی بەڕێوەدەچێت و دادگای نەکراوە.

وێنەی دیارحسێن ژنبرای شاسوار عەبدولواحید


کارزان نەریمان-شۆفێری شاسوار عەبدولواحید