حەسەن کەعبی: بەم نزیکانە گەندەڵی بەفیرۆدانی ملیاران دۆلار ئاشکرا دەکەین

16/09/2020
فۆتۆ: 

حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەم نزیکانە ڕاپۆرتێکی سەرەتایی سەبارەت بە بەفێرۆدانی ملیاران دۆلار و پێشێلکاری و دۆسیەی گەندەڵی ئاشکرا دەکەن.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کەعبی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئەمڕۆ کردووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ڕێوشوێنە چاودێرییەکان کرا، سەبارەت بە ئاشکراکردنی دۆسییەکانی گەندەڵی و بەفیرۆدانی دارایی گشتی تایبەت بە دۆسیە و گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا و ڕوونکردنەوەی ورد لەسەر تەواوی ئەو دۆسیە و کێشانەی کە لەلایەن لیژنەکەوە لە ماوەی ڕابردوودا سەیر کراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لیژنەکە هەفتەی داهاتوو کۆدەبێتەوە بۆ تەواوکردنی نەخشەڕێگای کارکردن و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی یەکەمی ئەو پێشێلکاریانەی کە بە بەڵگەنامەیی کراوە، بە تایبەت دۆسییەکانی تایبەت بە گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا و فەرمانگەکانی سەر بەو وەزارەتە.

لە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا سەرباری خەرجکردنی دەیان ملیار دۆلار لە وەزارەتی کارەبادا، ئاشکرا بووە گەندەڵییەکی گەورەی تیا کراوە، بەڵام هێشتا نەبوونی وزەی کارەبای پێیوست بۆ عێراقییەکان یەکێک لەو کێشانەی بەردەوام هاوڵاتیانی ناوچە جیاجیاکان خۆپیشاندانی بۆ ئەنجام دەدەن.