نوێترین زانیاری لەبارەی كەیسی كوشتنی خێزانە كوردەكەی بەغدا

17/09/2020
فۆتۆ: 

كەسوكاری ئەو خێزانەی بەغدا كوژران، نوێترین زانیاریەكان بڵاودەكەنەوە و گومانیان هەیە لەوەی كەسی دیكە لەگەڵ بكوژی ئەو خێزانەدابن، دەشڵێن بەهۆی نەخۆشی سەرۆكی خێزانەكەوە ویستویانە بگەڕێنەوە هەرێم.

محەمەد قادر، برازای دارا رەئوف، كەسوكاری ئەو خێزانەی كە شەوی سێشەممە لە شاری بەغدا كوژران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، دارا رەئوف لە ساڵای 60كانەوە لە بەغدا فەرمانبەرە و بەهۆی نەخۆشیەوە ویستویەتی بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان. 

محەمەد، گومانی خۆیانی نەشاردەوە لەوەی كە كەسی تر لەگەڵ ئەو كەسەدا هەبێت كە دانپێدانانەكەی بڵاوكرایەوە ، دەشڵێت: ئەوەی لە میدیاكان بڵاوكراوەتەوە لە دوێنێدا زۆرینەی راست نەبووە كچەكەی ئامۆزام تاقانە بووە و لە دەرمانخانەیەك كاری دەكرد نەك دەرمانخانەی هەبوو بێت. 

ئەو روونیشیكردەوە، مامی بەهۆی نەخۆشی لە سنگیدا دوای سەردانێكی بۆ وڵاتی ئەردەن بڕیاریداوە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، چونكە خانەنشینكرابوو نەخۆشیش بوو، بۆیە ئامادەكاریمان كردبوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە. 

برازای دارا رەئوف وتیشی: مامم هیچ موڵكێكی لە بەغدا نەبووە تا بیفرۆشێت ئەو شوقەیەشی تیایدا نیشتەجێبوون موڵكی حكومەت بووە، رەتیشیكردەوە بكوژەكە هیچ پەیوەندیەكی لەگەڵ ئەو خێزانەدا هەبووبێت، بەڵكو تەنها ئەوەبووە كە ئەو كەسە بەهۆی شوێنی كاركردنی لە كونسوڵخانەی روسیا چاوی لە ماڵەكە بووە. 

لەبارەی بونی كەسی دیكە لەگەڵ ئەو كەسەی دەستگیركراوە گومانی ئەوەی نەشاردەوە كە ئەوانیش گومان دەكەن، لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوە لە كامێرای مۆڵێكی نزیك ماڵەكە دەستی پێكردووە و هەوڵیش هەیە بۆ وەرگرتنی كامێراكانی كونسوڵخانەی رووسیا لەرێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق. 

ئەوەش دوای ئەوەهات كە دوێنێ سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراق رایگەیاندبوو كە سێ كەس بە تۆمەتی ئەو رووداوە دەستگیركراون، بەڵام دواتر دانپێدانانی كەسێك لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی هەولێرەوە بڵاوكرایەوە كە تیایدا ئاماژەی بەوەكرد بەتەنها خۆی ئەوكارەی ئەنجامداوە.، هاوكات هەر دوێنێ ئاشنا بابان خوشكەزای دارا روئوف بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: خالچی خۆی ئامادەكردووە بگەڕێتەوە سلێمانی و بۆ ئەوەی پەلەی كردووە هەر ئەو وتیشی كە كچەكەی دەرمانخانەكەی فرۆشتووە.