دادگا بەهۆی گەندەڵی بانگهێشتی کردووە؛ راکان جبوری لە تورکیا دەرکەوت

17/09/2020
فۆتۆ: 

هەرچەندە بەتۆمەتی بەهەدەردانی 57 ملیار دینار دادگا بانگهێشتی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوكی كردووە، بەڵام پێش بڕیارەكە بە سەرۆكایەتی شاندێك گەیشتووەتە وڵاتی توركیا.


مەڕوان عانی، لێپرسراوی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی ڕاكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك ڕایگەیاند، لەسەر ڕەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی پارێزگاری بەوەكالەت لەشاری مێرسین لە وڵاتی توركیا بەشداری لەكۆنگرەیەكی ئابوری وپیشەسازی كردووە. 

لێپرسراوی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی راكان جبوری بە(تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ووت كارەكانی كونگرەی چوارەمی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا كە پیاوە بزنسمانە عێڕاقی وتوركیەكان تێیدا بەشدارن لەشاری مێرسینی توركیا دەستی پێكردووە و شاندێكی لێپرسراوانی پارێزگا و ژمارەیەك لە ڕاوێژكارانی پارێزگار تێیدا بەشدارن.

دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك بەتۆمەتی بەهەدەردانی ٥٧ ملیار دینار لەدۆسیەی دروست كردنی ٢٥ قوتابخانە بانگهێشتی جبوری كردووە بۆ بەردەم دادگا.

ئەو لێپرسراوەی پارێزگا وتیشی: ئایدن مەعروف وەزیری پێكهاتەكانی حكومەتی هەرێم و پارێزگارانی سلێمانی و دهۆكیش بەشدارن كە ژمارەی ئەو كەسانەی بەنوێنەرایەتی عێراق لەو كۆنگریەدا بەشدارن گەیشتۆتە ٢٥٠ كەس.

سەرچاوەیەك لەپارێزگاوە كە نەیویست ئاشكرابكرێت بە(تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ووت: ڕاكان جبوری پێشوەختە لەو هەوڵەی نەزاهە و دادگا ئاگادار بووە كە دەیانەوێ بانگهێشتی بەردەم دادگای بكەن و گەشتكردنی لێ قەدەغەبكەن بۆیە پێش بڕیارەكە بەنهێنی و بەسەرۆكایەتی شاندێك خۆی گەیاندۆتە وڵاتی توركیا.