بڕیارێكی وەزارەتی دارایی مانگانە نۆ ملیار دینار بۆ حكومەت دەگێڕێتەوە

19/09/2020
فۆتۆ: 

پەرلەمانتارێك رایگەیاند بڕیاری وەزارەتی دارایی بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بە زیادكردنی ئاشكرا بڕی نۆ ملیار دیناری مانگانە بۆ خەزێنەی حكومەت دەگێڕێتەوە.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: ماوەی چەندین ساڵە گۆڕینەوەی پارەی نەوت لە دۆلار بۆ دینار دەدرێت بەیەك بانك، بەوەش بڕی نۆ ملیار دینار مانگانە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە. 

ناوبراو روونیكردەوە، پێشتر بانكی جیهان ئەو پارەیەی دەگۆڕیەوە كە هەر 100 دۆلاری بەرامبەر بە 117 هەزار دینار دەگۆڕیەوە و بە 127 هەزار دینار لە بازاڕدا دەیفرۆشتەوە. 

پەرلەمانتارەكە روونیشیكردەوە دواتر ئەو پارەیە لەلایەن ئارتی بانكەوە گۆڕدرایەوە كە 100 دۆلار بەرامبەر بە 120 هەزار دینار دەگۆڕدرایەوە،  بەوەش قازانجی مانگانەی ئەو بانكە دابەزی بۆ نۆ ملیار دینار  لەبەر ئەوەی بە 120 هەزار دینار وەری دەگرت و بە 123 هەزار دینار دەیفرۆشتەوە. 

پەرلەمانتارەكە بەیبیری هێناوەتەوە كە لە كابینەی پێشوو وە ئەم كابینەش چەندین جار داوایانكردوە ئاڵوگۆڕی دۆلار بەدینار لە یەك بانكی ئەھلی وەربگیرێتەوەو حكومەت خۆی ڕاستەوخۆ دۆلار بە بازرگان و بانكەكان بفرۆشێت..

ئەو لە بارەی بڕیاری وەزارەتی دارایی گەشبینە و پێیوایە بڕیارێكی دروستیان دەركردووە، دەشڵێن ئەوان چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەكەن.