شارەوانی سلێمانی لەبارەی سوتانی سنەوبەرەكانی تاسڵوجە روونكردنەوە دەدات

19/09/2020
فۆتۆ: 

شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، ئەو ئاگرەی كەوتووەتەوە لە سنەوبەرەكانی تاسڵوجە لە مانگی حوزەیراندا بووە، سنەوبەرەكان دەكەوێتە ناوەندی شەقامەكەوە، پرسیش بە كشتوكاڵ ناكەین.

ئاكۆ عەلی جێگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، رایگەیاند: لە رۆژی 7ی حوزەیرانی 2020 ئاگر لە سنەوبەرەكانی رێگای تاسڵوجە كەوتووەتەوە، ئەوەی ئێستا بڵاوبووەتەوە وا دەردەكەوێت كە تازە ئەو ناوچەیە سوتێندراوە. 

ئەو وتیشی: ئەو دار سنەوبەرانە دەكەوێتە ناوەندی شەقامەكەوە لەبەر ئەوەی ئەو شەقامە گەورەتر دەكرێت و دەكەوێتە ناوەندی شەقامەكەوە و دواتریش شەقامێكی  لاوەكی لەولاتری هەیە كە بە كۆی گشتی 75 مەتر لەودیوی سنەوبەرەكانەوە پڕۆژە دەست پێدەكات. 

هەرچەندە وەزارەتی كشتوكاڵ ئەمڕۆ لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند "پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بكرێت بە پڕۆژە، بەڵام وەزارەتمان لاری نەبوونی نەداوە، چونكە ئەم دارسنەوبەرانە، سیمایەكی جوان و ژینگەیان بەخشیوەتە ئەم ناوچەیە، بۆیە ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پڕۆژە بكرێت". 

لەو بارەیەوە جێگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی لە وەڵامی پەیامنێری ژیان وتی: بۆ شەقام پر سبە كەس ناكەیم لەبەر ئەوەی موڵكی گشتیە، پرس بە كشتوكاڵ و هیچ لایەنێك ناكەین بەڵام لەدوای شەقامەكە دەتوانین بیكەینە پڕۆژە، بەڵام دڵنیابن شوێنی سنەوبەرەكان دەمێنێت. 

ئەو وتیشی ئەو سنەوبەرانە بسوتێ یان نەسوتێت شوێنەکەی ناکرێت بە پڕۆژە لەبەر ئەوە وەک باسمان کرد شوێنەکەیان دەکەوێتە ناوەندی شەقامەکە و وەک هێڵی سەوز دەمێنێتەوە.

هاوكات هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی شارەوانی سلێمانیدا كە هەریەكە لە سەرۆكی شارەوانی راپەڕین و شارەوانی تاسڵوجە تیایدا بەشداربوون، وتیشیان: داوا لە خەڵكانی دڵسۆزی ئەم شارە دەكەین لە شوێنی ئەو دارانە داری دیكە بڕوێنین و سەوزكردنی شارەكە جێبەجێ بكەین. 

سەرۆكی شارەوانی تاسڵوجە، رایگەیاند: ئەو ئاگرەی كەوتووەتەوە لە رۆژی 7ی حوزەیران بووە، بەڵام هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە نەزاندراوە، بەڵام ئەو پڕۆژەیەی كە ئێستا گومانی لەسەرە هیچ پەیوەندیەكی نیە بەو سنەوبەرانەوە لەبەر ئەوەی شوێنی سنەوبەرەكان نابێتە پڕۆژە و لە ناوەڕاستی شەقامەكەدا دەبێت. 

جێگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی وتیشی: ئەو ناوچەیە پڕۆژەی تێدا دەبێت و ئێستاش هەیە بەڵام شوێنی ئەو سنەوبەرانە نابێتە پڕۆژە لەبەر ئەوەی دەچێتە ناوەندی شەقامەكەوە.  

ئاكۆ عەلی وتیشی: شارەوانی سلێمانی بۆ هەریەكە لە پاركی هەواری شار و شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود و شەقامی تاسڵوجە، لە رۆژی 20ی حوزەیرانەوە هیچ پارەیەك لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی شارەوانی بۆ خزمەتكردنیان خەرج نەكراوە و ئەوە خزمەتەشیكراوە لەسەر بودجەی خۆمان و هاوكاری خەڵكی كراوە.