هاوپەیمانەکانی ئێران دەیانەوێت کازمی لە دەسەڵات دووربخەنەوە

19/09/2020
فۆتۆ: 

سەرچاوەیەکی سیاسی باڵای عێراق ئاشکرایکردووە، هێزە نزیکەکان لە تارانەوە لە هەوڵی لەسەر کار لابردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقن لە پۆستەکەی.

ماڵپەڕی "ئەلحوڕە"ی ئەمریکا لەزاری ئەو سەرچاوە باڵایەی عێراقەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بڵاویکردەوە، دیاترین کەسایەتی چالاکی ئەو هەوڵانە بۆ لابردنی کازمی، نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، کە هەردووکیان دوو هاوپەیمانی دێرینی ئێرانن لە عێراقدا.

سەرچاوەکە ئاشکراشیکردووە، هاوپەیمانی سائیرون بەسەرۆکایەتی موقەتەدا سەدر ، هەمان تێڕوانینی هەیە سەبارەت بە بەردەوامی کازمی لە پۆستی دەسەڵاتدا.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، سەردانەی ئەم دواییەی مالکی بۆ تاران بۆ خۆنمایشکردن کردن و هەماهەنگی هەوڵەکانی بووە لەگەڵ ئێران، بە مەبەستی دوورخستنەوەی کازمی و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

سەرچاوە عێراقییە باڵاکە ئاشکرایکردووە "قەوارەکانی فەتح و سائیرون و دەوڵەتی یاسا، دەستیان بە جموجوڵەکانیان کردووە لەدژی کازمی، لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیش کە بەم دواییانە  لە نێوان هێزە شیعییەکاندا ئەنجامدراوە ئەوەیان بە کازمی ڕاگەیاندووە.

وەک سەرچاوەکە گێراویەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا مەرج بۆ کازمی دانراوە بۆ ئەوەی لە پۆستەکەی بەردەوام بێت، لەوانەش دوورخستنەوەی ژمارەیەک لە یاریدەدەرە نزیکەکانی وەک "ڕائید جوحی" بەڕێوەبەری نوسینگە تایبەتەکەی "موشریق عەباس و کازم سەهلانی " و گۆڕینیان بە کەسانی نوێ، بە پێچەوانەشەوە لەناو پەرلەمان بەم نزیکانە دەستدەکەن بە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی لادانی و ناچار کردنی بە دەستلەکارکێشانەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا وائیل عەبدولـلەتیف سیاستمەدا و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، جەختدەکاتەوە لە بوونی جموجوڵی لەو شێوەیە، کە مالیکی لە پشت پەردەوە سەرکردایەتی دەکات بۆ لەسەر کاربردنی کازمی لە پۆستەکەی.

عەبدولـلەتیف ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڵمەتەکەش ئەو کاتە دەستیپێکرد، کە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق هەڵمەتێکی دەستپێکرد لەدژی گەندەڵکاران، بۆیە مالیکی پێش ئەو هەڵمەتە دەستی بە چالاکییەکانی کردووە، چونکە لەوبڕوایەدایە هەڵمەتەکانی کازمی ئەو بەڵێندەرە گەندەڵانەش دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساوە هەیە.

بەبڕوای ئەو سیاسییە عێراقییە مالکی و سەرجەم هاوپەیمانەکانی تاران لە عێراق، سەرقاڵی داڕشتنی پیلانێکن بۆ لابردنی کازمی بەر لەوادەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، چونکە لەوبڕوایەدان کازمی سورە لەسەر پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی بەهاوکاری بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و خۆپیشاندەران، بە مەبەستی ڕاکێشانی بەڕەکە لەژێر پێی هێزە سیاسییەکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا.

پێشی وایە سەردانەکەی ئەم دواییەی مالکی بۆ تاران، چەند بڕیارێکی تیا دراوە، لەوانەش جوڵەپێکردنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ دروستکردنی فشار لەسەر کازمی ڕێگری لەوەی پرۆگرامی حکومەتەکەی تەواو بکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق لەناو ٢٠ لە هەرە دەوڵەتە گەندەڵەکانی جیهانە، بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠٠٣وە زیاتر لە ٤٥٠ ملیار دۆلار بە گەندەڵی چووەتە گیرفانی لێپرسراوە سیاسی و گەندەڵەکانی ئەو وڵاتەوە.

لە ماوەی سەردەمی دەسەڵاتی مالکیدا کە لە ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ بەردەوام بوو، گومان هەیە زۆرترین گەندەڵی تیا ڕوویدابێت و بە سەدان ملیار دۆلار لە داهاتی عێراق دیار نەماوە.

کازمی کە لە مانگی ئایاری ڕابردووەوە پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرتووە، کۆمەڵێک هەنگاو و ڕێوشوێنی گرتووە بەر بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت و کۆتایی هێنان بە گەندەڵی، کە شۆڕبووتەوە بۆ ناو هەناوی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت، کە تەنها سەروەت و سامانی بۆ حزبەکان و میلیشیا چەکدارەکان پێ خڕکراوەتەوە.

ئەیاد عەنبەر مامۆسنای فیکری سیاسی لە زانکۆی کوفە دەڵێت "کازمی لە هەوڵی ئەوەدایە وەک پیاوی دەوڵەت خۆی دەربخات و حکومەتەکەی جیاواز دەربکەوێت لەچاو حکومەتەکانی پێش خۆی، کە مەحکوم بوون بە هاوسەنگییە سیاسییەکانی ئەو چینەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کردووە لە وڵاتدا".

پێشی وایە، ئەو نموونەی کە کازمی دەیەوێت خۆی تیا بەرجەستە بکات، لەسەر دۆخی واقیعی عێراق توانای خۆڕاگرتنی نابێت، چونکە سەرجەم یارییە سیاسییەکان لەلایەن ئەو چینە دەسەڵاتدارەوە کۆنترۆڵکراوە، کە خودی کازمیشی پێ هاتووەتە سەر دەسەڵات.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو دژایەتی و لەیەکتر خوێندنەی کە لەسەر ئاستی میدیایی هەستی پێدەکرێت لەنێوان هەردوولادا، لەڕاسیتدا بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی لەسەر دۆخی واقیعی نابێت، چونکە هەموویان لەوە تێگەیشتوون چەند جومگەیەک هەیە کازمی ناتوانێت بیانبەزێنێت و پێشێلیان بکات.

بۆیە ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆکانە پەیامی ئەرێنین لەنێوان هەردوولادا، ئەوەی لەسەرەوە دەردەکەوێت تەنها خۆ نمایشکردن بۆ هەڵوێستی سیاسی و بەدەستهێنانی سۆزی جەماوەر و هەوڵدان بۆ پێشکەشکردنی نموونەیەکی سیاسی ئەوتۆ بۆ شەقامی عێراقی، کە جیاوازە لە حکومەتەکانی پێشوو نە کەم نەزیاد.

ئەو سیاسییە عێراقییە دەربارەی جموجوڵەکانی مالکی پێی وایە، مالکی دەیەوێت هەنگاوی پێشینە بنێت بۆ ڕێگریکردن لە لەقکردنی دۆخی ئێستا و ئەو سیستمەی کە بە ماوەی ٨ ساڵ بنیاتی ناوە، چونکە دەزانێت گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات جۆرێکە لە خەیاڵ، بەڵام هەوڵ دەدات وەک سەنتەرێکی سیاسی لەناو هاوسەنگیی و هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا بمێنێتەوە.