کازمی: عێراق لەدۆخێکی ئەمنی و ئابوری و تەندروستی هەستیاردایە

20/09/2020
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: 

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق لە دۆخێکی هەستیاری ئابوری و تەندروستی و ئەمنیدا دەژی.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان کۆبوونەوەیەکیان بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران سازکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی دۆخی خزمەتگوزاری و ئەمنی پارێزگاکان.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە کازمی جەختیکردووەتەوە لە بایەخی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕێگری و بەربەستانەی کە ڕوبەڕوی پارێزگاکان بوونەتەوە لەڕووی هونەرییەوە و دوورکەوتنەوە لە هەر پاڵنەرێکی سیاسی، ئەویش لەپێناو دابینکردنی داخوازییەکان بەشیوەیەکی بەپەلە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە لەوەی "وڵاتەکە بە دۆخێکی ئەمنی و سیاسی و ئابوری هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، داخوازی جەماوەری هەیە، حکومەت هەموو هەوڵێک دەدات بە مەبەستی لابردنی بەربەستەکان و دابینکردنی داخوازییەکان بەشێوەیەکی واقیعیانە تر".

وەک لە بەیاننامەکەی نوسینگەی کازمی ئاماژەی پێکراوە، داوایکردووە بەڕۆحی یەک تیم کاربکرێت و هەوڵەکان زیاتر بکرێت بە مەبەستی دابینکردنی داخوازیەکانی ڕۆڵەکانی گەل.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی پارێزگاکان و ئەو ڕێگرییانەی هاتووەبەردەمیان کراوە، باس لەوەش کراوە چۆن ئەو بەربەست و ڕێگرییانە تێپەڕێنرێت لەپێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە هاوڵاتیان.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لیژنەی هەماهەنگی پارێزگاکان گفتوگۆی کردووە لەسەر دۆخی تەندروستی و ئەمنی و کشتوکاڵی و خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا، هەروەها پڕۆژە دواکەوتووەکان و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دواکەوتنی پڕۆژەکان و پشتیوانیکردن لە کەرتی تایبەت.

تا ئێستاش ناوبەناو لە چەند پارێزگایەکی عێراق بەهۆی خراپی دۆخی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە، خۆپیشاندانی جەماوەری فراوان ڕێکدەخرێت و داوا لە حکومەت دەکرێت لانی کەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابینبکرێت.