ئیسرائیل مەترسی هێرشی موشەکی ئێرانی هەیە

20/09/2020
فۆتۆ: 

فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران توانای هەیە هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی، هەروەک چۆن پێشتر هێرشی کردە سەر سعودیە.

ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکی ڕوسیای لە زاری ڕان کۆخاف، فەرماندەی هێزە دژەئاسمانییەکانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەرکی ئێستای یەکەی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لەهەموو کاتێکی دیکە قورستر بووە.

کوخاف ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان وانەیان لەهێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆسەر سعودیە وەرگرتووە، بەڵام تاران توانای ئەوەی هەیە هێرشی هاوشێوەی ئەوەی سعودیە بکاتە سەر ئیسرائیلیش.

لەوبارەیەوە ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای ئیسرائیل جەختیکردووەتەوە، هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە، کە مەبەستی دەرخستنی توانا سەربازییەکانی بوو، هۆشدارییەکیش بوو بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.

فەرماندەی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، سوپای ئیسرائیل لەداهاتوودا ناچار دەبێت پەنا بەرێت بۆ بەکارهێنانی هۆکارەکانی بەرگری دژە ئاسمانی لەسەرجەم چینەکانی بەرگەهەوادا.

ئاشکرایشیکردووە، هێزەکانی وڵاتەکەی توانیویانە بەرپەرچی لە ٩٥%ی ئەو هێرشە موشەکییانە بدەنەوە کە لە کەرتی غەزەوە کراوەتە سەربان.

باسی لەوەشکردووە، پانتایی بەرتەسکی دەوڵەتی ئیسرائیل، بووەتە بەربەستێک بۆ کارایی بەرگرییە ئاسمانییەکان، بەڵام چەکەکانی دژە ئاسمانی ئیسرائیل، بوار دەدات بە سەرکردایەتی وڵاتەکە سەبارەت بە کات و شوێنی گونجاو، بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی درەوە، بە تایبەت ئەوان بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی حەماسەوە تاقیکردنەوەیەکی باشیان وەرگرتووە، سەبارەت بە چۆنێتی و ئاستی وەڵامدانەوەکان.

 لە کۆتایی لێدوانەکانی فەرماندەی هێزی دژەئاسمانی ئیسرائیل، دەربارەی ئەوەی کە ئایا ئێران توانای ئەوەی هەیە لە یەمەنەوە هێرشی موشەکی بکاتە سەر ئیسرائیل، کۆخاف وتی " سوپای ئێران ئەو توانایەی هەیە، بەڵام سوپای بەرگری ئیسرائیل پەندی پێویستی لەهێرشەکەی سەر سعودیەوە وەرگرتووە".