سەرۆکی حکومەت بۆ شاندێکی ئەمریکا: دوودڵێن لە سیاسەتی تەعریب لەناوچە کوردییەکانی دەرەوەی هەرێم

22/09/2020
فۆتۆ: 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی دەربڕی، بەرامبەر بەردەوامبوونی سیاسەتی تەعریب و دەستدرێژی و هەڵکوتانە سەر موڵک و زەوی دانیشتووانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم.

مەسرورو بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشوازی لە جەیمس جفری، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی دواپێشهاتەکان لەسەر گۆڕەپانی عێراق و گرنگی هاوکاریی و هەماهەنگی و ڕێگەکانی هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ڕێکخراوی داعش.

بەگوێرەی بەیاننامەکە جیفری ڕایگەیاندووە "هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژی گرنگ و ستراتیژییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی زیندوویەتی و جۆرایەتی پێکهاتەکانی ناویو دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەەشکردووە، گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەرەتی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر دەستور، جەختیشیکردووەتەوە لە بەردەوامی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە دیاریکراویش لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەرەشەکانی داعش.