تورکیا سیاسەتی بەتورک کردن لە منبجی سوریا پەیڕەو دەکات

25/09/2020
فۆتۆ: 

محەمەد شێخۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی شاری منبجی سوریا ڕایگەیاند، تورکیا سیاسەتی بە تورک کردن لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لە سوریا پەیڕەو دەکات.

محەمەد خێر شێخۆ بە ئاژانسی هاوار نیوزی ڕاگەیاندووە "دەسەڵاتی داگیرکاری تورکیا هاوڵاتیانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە ناوخۆیی سوریا ناچار کردووە مامەڵە بە لیرەی تورکی بکەن و ئاڵای تورکیا لەسەرجەم ئەو ناوچانە بەرز بکەنەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لەو هەوڵانە تورکیا پرۆگرامی خوێندنی خۆی بە زمانی تورکی خستووە ناو خوێندنی قوتابخانەکانی ئەو ناوچانەوە و بەزۆر بەسەر خوێندنگەکانی ئەو ناوچانەدا سەپاندووە، بە ئامانجی جێبەجێ کردنی سیاسەتی بەتورک کردنی دانیشتوانەکەی.

محەمەد شێخۆ ڕوونیکردووە، هەموو هەڵسوکەوتوو مامەڵانەی تورکیا، ئەوە وەبیر دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەهێنێتەوە کە پێشتر                  چۆن سیاسەتی خۆی پەیڕەو کردووە لە لیوای ئەسکەندۆرۆنە، بەشێوەیەک سیاسیەتی بە تورک کردنی هێدی هێدی پەیرەو کردووە و دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە، بێ ئەوەی گوێ بەوە بدات کە ئەو شوێنانە خاکی سوریایە.

شێخۆ پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتی بەتورک کردنەی حکومەتی تورکیای لەوناوچانەی سوریای بەستووەتەوە بە سەردەمی کۆلۆنیالیستی فەڕەنسی لە ڕابردوودا لە سوریا.

لەوبارەیەو هاوسەرۆکی  ئەنجومەنی جێبەجێکردنی شاری منبجی سوریا ڕوونیکردووەتەوە، کاتی خۆی لەسەردەمی کۆلۆنیالیستی دەوڵەتی فەڕەنسا، خەڵک و دانیشتوانی ئەو ناوچانەی ناچار کردبوو کە زمانی فەڕەنسی بخوێنن و ئاڵای فەڕەەنسا لەناوچەکانیان بەرزبکەنەوە و مامەڵە بە دراوی فەڕەنسییەوە بکەن.

شێخۆ هەموو ئەو هەوڵ و مامەڵە و دەستوەردانانەی داگیرکاری تورکیای ڕەتکردووەتەوە لەبەرامبەر سورییەکان و جەختیکردووەتەوە، ئەو خاکەی ئێستا تورکیا داگیری کردووە خاکی سوریایە نەک تورکیا، بۆیە پێویستە پارێزگاری لە کلتور و زمان و خوێندن و سیستمی ئابوری و دراوەکەی بکرێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا محەمەد شێخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تا ئێستاش پارێزگاری کردووە لە پەیڕەوکردن و مامەڵەکردنە بە دراوی سوری لە کاروبارەکانی بازاڕ و مامەڵەی ڕۆژانەیدا، جەختیشیکردووەتەىوە لە پارێزگاریکردن لە زمان و پەرەوەردە و ف ێرکردن دراوەکەی، وەک باوەڕ بوونێک بە یەکێتی خاکی سوریا.

لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٧دا سوپای تورکیا لەژێر ناوی "قەڵغانی فوڕات" دا و بەهاوکاری گروپە چەکدارە نەیارەکانی حکومەتی سوریا، هێرشێکی فراوانی دەستپێکرد بۆ داگیریکردنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دوای شەڕێکی درێژ خایەن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی و پەیەدە، توانی دوای ٧ مانگ و ٥ ڕۆژ شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەرری  داگیرکرد.

لەکاتی دەستپێکردنی هێرشەکاندا رەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئامانج لە هێرشەکە دژی داعش و گروپە کوردییەکانی ناوخۆیی سوریایە، کە بوونەتە مەترسی بۆ سەر سنوری تورکیا لەباکوری سوریاوە.