ئەمریکا بڕی خەڵاتەکەی زیادکرد بۆ لەناوبردنی سەرۆکی نوێی داعش

25/09/2020
فۆتۆ: 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات دیاریکرد، بۆ هەر کەسێک کە زانیاری بدات لەسەر سەرۆکی ڕێکخراوی داعش، کە ببێتە هۆی دەستگیر کردنی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتیکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لەژێر ناوی خەڵات لەپێناوی دادپەوەریدا، ئاماژەی بەوەکردووە ، حاجی عەبدوڵا سەرۆکی نوێی ڕێکخراوی داعش کە ناوی ڕاستەقینەی محەمەد سەعید عەبدولڕەحمان مەولایە و ڕەگەزنامەی عێراقییە، دەستی هەیە لە کوشتن و فڕاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی عێراقی و بیانی.

مەولا ناوی دیکەش وەک ئەبو عومەری تورکمانی و عەبدولئەمیر محەمەد سەعید بەکار دەهێنێت.

تورکمانی لەدایکبووی شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوایە لە ساڵی ١٩٧٦.

زۆر لەبارەیەوە نازانرێت، بەڵام لەدوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی لە ئۆپراسیۆنێکی سوپای ئەمریکا لە لە باکوری خۆرائاوای سوریا لە سالی ٢٠١٩، سەرۆکی ڕێکخراوەکەی گرتووەتە ئەستۆ.

مەولا بەر لە پەیوەندیکردنی بە داعشەوە، ئەندانی ڕێکخراوی قاعیدە بوو لە عێراق.

ماوەیەک لەمەوبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی ٥ ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات دیاریکردبوو، بۆ ئاشکراکردنی شوێنی خۆحەشاردانی حاجی عەبدوڵا، ئەکاتە یەکێک بوو لەسەرکردەکانی داعش، بەڵام دوای بەرزبوونەویە پلەکەی بۆ هەرەمی دەسەڵاتی ڕێکخراوەکە، بڕی خەڵاتەکەش زیادیکرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێی وایە مەولا لە دیارترین سەرکردەکانی داعشە، کە بیانووی هێناوەتەوە بۆ کردەوەکانی کوشتن و فراند و سەربڕینی ئێزدییەکانی باکوری عێراق.

سەرباری تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعش لە سوریا و عێراق لە بەهاری ساڵی ٢٠١٩دا، بەڵام هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات، جەختدەکاتەوە لە لەناوبردنی پاشماوەکانی ئەو ڕێکخراوە و شکستپێهێنانی هەموو هەوڵەکانی گەڕانەوە و خۆڕێکخستنەوەی.