ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی قەرەباغ شەڕیان دەستپێکردەوە

27/09/2020
ئازەربایجان و ئەرمینیا لە لێوارێکی جەنگێکی کارەساتباردان
فۆتۆ: 

بۆ جارێکی دیکە پێکدادانی قورس لەنێوان ئازربایجان و ئەرمینیا لەسەر هەرێمی "ناگۆرنی قەرەباغ" دەستی پێکردەوە و کوژراو و بریندار لە هەردوولا هەیە.

دوای چەند کاتژمێرێک لە پێکدادان لە هێڵی تەماسی نێوان هەردوولا،  حکومەتی ئازربایجان ڕایگەیاند، هێزەکانی چوونە ناو ٦ گوندی ژێر کۆنترۆڵی ئەرمینیا لە هەرێمەکە.

لە بەرامبەریشدا جوداخوازە ئەرمەنییەکان دۆخی نائاسایی جەنگیان راگەیاند و داوای خۆئامادەکردنی گشتیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزە ئازەرییەکان.

ئارایک ئارتۆنیان سەرۆکی ئیدارەی هەرێمی ئەرمینا لە کۆماری ناگۆرنی قەرەباغ لە دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەماندا ڕایگەیاند، بڕیاری ئامادەباشی گشتی ڕاگەیاند و داوای لە هەموو لاوەکان کرد، ئەوانەیان تەمەنیان لە سەروی هەژدە ساڵییەوەیە ، چەک هەڵگرن بۆ بەرپەرچدانەوەی سوپای ئازەربایجان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی ئەرمەنی جەنگی ناوێت کە ئازەربایجان دەیەوێت ڕایکێشێتە ناوی ، ئۆباڵی هەر کارەساتێکیشی خستە ئەستۆی سەرۆکی ئازەری کە بەهۆی جەنگەوە لەناوچەکە بێتە ئاراوە.

بەگوێرەی لێدوانی دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا ١٦ سەربازی ئەرمەن بەر بۆردومانی ئازەربایجان کەوتوون و گیانیان لەدەستداوە و ١٠٠ سەربازی دیکەش بریندار بوون و زیانی مادی زۆریش بەر دامەزراوە مەدەنییەکان کەوتووە.

ئەرمینیا ئازەربایجان ماوەی چەند دەیەیەکە ناکۆکی خوێناویان هەیە لەسەر قەرەباغ، کە دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای ئازەربایجانەوە و لەسەرەتای حەفتاکاندا لەلایەن جوداخوازە ئەرمەنییەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، تا ئێستا ناکۆکی و جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەسەر ئەو هەرێمە بووتە هۆی گیانلەدەستدانی ٣٠ هەزار کەس لە هەردوولا.

لەلایەکی ترەوە ئیلهام عەلییەف سەرۆکی ئازەری لە وتاریکی تەلەفزیۆنیدا، بەڵێنیدا لە جەنگەکەدا سەرکەوتوو بێت بەسەر سوپای ئەرمینیادا و جەختیکردەوە سوپای ئازەری لەسەر خاکی خۆی شەڕ دەکات.

دوای دەستپێکردنی پێکدادانەکان وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان دانی نا بەوەدا سوپای ئەرمینیا هەلیکۆپتەرێکی سوپای خستووەتە خوارەوە، بەڵام تیمی فڕۆکەکە ڕزگاریان بووە.

لەوبارەیەوە لایەنی ئەرمینیا ڕایگەیاند، هێزەکانیان دوو هەلیکۆپتەر و ٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئازەرییان خستووەتە خوارەوە، دوای ئەوەی چەندین پێگەی سوپای وڵاتەکەی لە هەرێمەکە روبەڕوی هێرشی سوپای ئازەرییەکان بووەتەوە.

سەبارەت بە پەرچەکردارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر پێکدادانەکان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، رەخنەی لە لایەنی ئەرمەنی گرت و بە گەورەترین مەترسی دانا بۆ ئارامی ناوچەکە.

لە لایەکی ترەوە سێرگی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغلۆ هاوتا تورکییەکەی ئەنجامدا و گفتوگۆیان کرد دەربارەی دۆخی هەرێمی ناگۆرنی قەرەباغ، هەردوولا جەختیانکردەوە لەوەی مۆسکۆو ئەنکەرە داوای ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکان و ئاساییکردنەوەی رەوشەکە دەکەن.

لەلایەکی ترەوە شارل میشال سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا داوای ڕەگرتنی جەنگی نێوان هەردوو وڵاتی کرد.

لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ توندوتیژی و هێرشە سەربازییەکان ڕابگیریت، بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکان پەرە نەسێنێت و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.