پۆلیس چەند كەسێكی بە پارەی ساختەوە دەستگیركرد

28/09/2020
فۆتۆ: 

پۆلیسی‌ سلێمانی‌ رایگەیاند، سێ‌ تۆمەتباریان بەبڕێك پارەی‌ ساختە و بڕێك كاغەزی‌ ئامادەكراو بۆ ساختەكردنی‌ پارە دەستگیركردووە.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: مەفرەزەكانمان‌ زانیاریان‌ پێگەیشت لەبارەی‌ سێ‌ تۆمەتبارەوە كە بڕێك پارەی‌ ساختەیان پێیە، لێكۆڵینەوەكان دەستپێكردو دوای‌ چوونی‌ مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی فریاكەوتن و پۆلیسی نەهێشتنی‌ تاوان بۆ شوێنی‌ مەبەست لە گەڕەكی‌ سەرچنار 3 تۆمەتبار دەستگیركران. 

پۆلیس ئەوەشی راگەیاندووە، دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێكی‌ جۆری‌ لاندكرۆزەر كە بڕێك پارەی‌ ساختەی‌ تێدابوو بەجۆرێك تەنها هەردوو دیوی بەستەپارەكان 100 دۆلاری‌ ساختە بووە و لەناوەوە هەمووی‌ كاغەزی‌ سپی‌ بووەو بەقەبارەی‌ دۆلار بڕدراوە كە 42 بەستە بووە.

پۆلیس ئەوەشی روونكردووەتەوە دوو دەمانچە و ژێرسێیەك و كڵاشینكۆفێك و ژمارەیەك فیشەك ومەغزەن لەو هەڵمەتەدا دەستی بەسەرداگیراوە و لەئێستادا تۆمەتباران كە سەرجەمیان كوردن و دانیشتوی‌ شاری‌ سلێمانین بە بڕیاری‌ دادوەر راگیراون.