مەسرور بارزانی چۆن دەیەوێت خۆی لە داوەکە رزگار بکات؟

28/09/2020
فۆتۆ: 

ئەو پەرلەمانتارانەی کە کاریان بۆ ئەوە دەکرد مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت، بەشێوەیەکی فەرمیی و بەپێی رێکارەکانی پەیڕەوی ناوخۆ یاداشتەکەیان ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی ئاراستەی حکومەت بکرێت.


چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە یاداشتەکەیان ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان بکەن، حکومەتی هەرێم رایگەیاند مەسرور بارزانی داوای لە پەرلەمانی کوردستان کرد کۆبوونەوەیەک رێکبخات.

بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لەسەر داوای مەسرور بارزانی، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت رێکبخات.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان لەو کاتەی داواکەی سەرۆکی حکومەت دەگاتە پەرلەمان دەبێت پەرلەمان لەماوەی 14 رۆژ وەڵامی حکومەت بداتەوە و رۆژێک بۆ دانیشتن لەسەر ئەو بابەتە رێکبخات کە حکومەت داوای کردووە.

چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر جێبەجێکردنی كارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، رێڕەوی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، شیکردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستای هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وتارێک پێشکەش بکات و بەپێی ماددەی 66ی پەیڕەوی ناوخۆ ئەو مافە بە سەرۆکی حکومەت دراوە داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی قسە لەسەر بابەتێکی دیاری کراو بکات، بەڵام پەرلەمانتار پرسیاری لێ ناکات و داوای روونکردنەوەی لێ ناکات.

ئەو هەوڵەی حکومەت بە زەربەیەکی گەورە دادەنرێت لە یاداشت و هەوڵی پەرلەمانتارەکان بۆ پرساندنی مەسرور بارزانی، بەهۆی ئەوەی زەحمەتە ناوبراو دووجار لەسەر یەک بابەت بچێتە پەرلەمانی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارانەی داوای پرساندنی ناوبراو دەکەن گومانی ئەوەیان هەیە کە هەوڵی پرساندنەکە لەبار ببرێت و جەخت لەوە دەکەنەوە پرسی یاداشتەکەی ئەوان و میوانداری کردنی مەسروور بارزانی لێکجیاوازە.

عەبدولسەتار مەجید، سەرۆکی فرکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەگەر تا مانگێک سەرۆکی حکومەت نەیتوانی یان نەیوویست بچێتە پەرلەمان بۆ پرساندن ئەوا پەرلەمانی بێ ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت و ئەندامانی کابینەکەی دانیشتن لەو بارەیەوە رێکدەخات، ئێستا تۆپی ململانێکە خراوەتە گۆڕەپانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارانەی داوای پرساندنیان لەسەرۆکی حکومەت کردووە چاوەڕوانی هەڵوێستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانن.

فراکسیۆنی پارتی بۆچوونی جیاوازی لەبارەی پرساندنی سەرۆکی حکومەت و ئەندامانی کابینەکەی هەیە، کار بۆ ئەوە دەکات پرسەکە سەرنەگرێت، بە بانگهێشتکردنێک بابەتەکە کۆتایی بێت.

بەهمەن کاکە عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، مشتومڕی پرساندنی سەرۆکی حکومەت هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی دارایی  و بڕین و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتاران دەیانەوێت لەو بارەوە پرسیار ئاراستەی سەرۆکی حکومەت بکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە بڕینی موچە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و دەبێت ئەوە روونبکرێتەوە چۆن حکومەت کارێکی نایاسایی بەرامبەر فەرمانبەرانی دەکات، لەکاتێکدا بە ئەنجامدانی چاکسازی لەسەر لە خەرجی و داهات ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوە کە لە موچەدا هەیەتی.