كۆمپانیایەك ئامادەیە بۆ دابینكردنی 400 ملیۆن ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ وڵاتانی ئەوروپا

14/06/2020
فۆتۆ: 

ئەو ڤاكسینەی لەلایەن زانكۆی ئۆكسفۆرد لە بەریتانیا پەرەیپێدراوە، كۆمپانیایەك لە هەوڵدایە بۆ فراوانكردن و بەرهەمهێنانی بۆ ئەوەی بێبەرامبەر 400 ملیۆن دانەی بداتە هاوڵاتیان.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كۆمپانیای ئەستەرزەنكا لەگەڵ حكومەتەكانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا كردوویەتی، لە كۆتایی ساڵی 2020دا پێكوتەكە دەگاتە دەستیان ئەگەر هاتوو سەرکەوتوو بوو.

كۆمپانیاكە رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیای دەرمانی بەریتانی هەیە بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاكەدا، پێشتریش رێككەوتنی لەگەڵ زانكۆكە كردووە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانەكەی فراوان بكات.

ئەو رێككەوتنەی لەنێوان وڵاتانی ئەوروپا و كۆمپانیاكە كراوە، یەكەم ڕێككەوتنە كە لەنێوان هاوپەیمانی ڤاكسینی گشتی یەكێتی ئەوروپا واژۆدەكرێت، كۆمەڵەكە لەلایەن فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و هۆڵەنداوە دروستكراوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەستخستنی ڤاكسینەكە بۆ گشت وڵاتانی ئەندام لە نزیكترین كاتدا.

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئەستەرزەنكا بە میدیاكانی وتووە: ئەم ڕێككەوتنە پێكوتەكە دەگەیەنێتە سەدان ملیۆن كەس لە ئەوروپادا بە دڵنیایی ئەگەر سەركەوتووبێت، ئەمەش لە كۆتایی هاویندا بۆیان ڕوندەبێتەوە، بەرهەمهێنانەكەش هیوایەكی باشی هەیە بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان كە بەدەستهاتووە.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی تەندروستی ئیتاڵیا ئاشكرایكردووە، ئەو چوار وڵاتەی واژۆیان لەسەر ڕێككەوتننامەكە كردووە تێچوی گشتی بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكە دەگرنەئەستۆ كە بڕەكەی تائێستا ئاشكرانەكراوە، پڕۆگرامەكە ڕێگەدەدات بە وڵاتانی دیكە تا هاوبەشبن لەكاتی بەردەوامبوونی دۆخەكە.

هەروەها بەپێی هەواڵەکەی رۆیتەرز، هەریەكە لە وڵاتانی چین، بەرازیل، ژپۆن و ڕوسیا گرنگیپێدانی خۆیان بۆ پڕۆگرامەكە دەربڕیوە، بریكاری ڕێكخراوی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بەریتانی (MHRA) ڕەزامەندبوون بۆ دەستپێكردنی قۆناغی سێیمی تاقیكردنەوەكان لەسەر ڤاكسینەكە پاش ئەوەی لێكۆڵینەوەكان كاریگەری و سەلامەتی تەواوەتییان دەرخستووە.

ئەوە لە كاتێكدایە تائێستا هیچ دەرمان و پێكوتەیەكی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە جیهاندا بەردەست نییە و سەرجەم ناوەندەكانی توێژینەوەی زانستی و دەرمان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و ڤاكسین بۆ ئەو ڤایرۆسە.

ئەستەرزەنكا كۆمپانیایەكی دەرمانی سویدی و بەریتانییە بارەگای سەركی لە شاری كامبریجە، كاردەكات بۆ پەرەپێدان و دۆزینەوەی دەرمان و پێكوتە دژی پەتا و نەخۆشییە گوازراوەكان.

سەرچاوە: رۆیتەرز