حكومەتی هەرێم: داوا لەبەغدا دەكەین بودجە بنێرێت بۆ ئەوەی موچە بدەین

30/09/2020
فۆتۆ: 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە حكومەتی فیدڕاڵی دەكات ھەرچی زووە بەشە بودجەی ھەرێم خەرج بكات تا لە نزیكترین دەرفەتدا، لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێم، موچە دابەش بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/30 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە و تیایدا هەر یەك لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان، ڕاپۆرتێكیان دەربارەی دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدرالی سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد.

ئەنجومەنی وەزیران نەخشەڕێگا و پلان و ڕاسپاردە پێشنیاركراوەكانی راپۆرتی  ئەو دوو وەزارەتەی پەسەندكرد و لیژنەكەشی ڕاسپارد بۆ دەستپێكردنی جێبەجێكردنی و بەردەوامیدان بە هەوڵەكانی پێشوو لەم دۆسیەدا و سەردانكردنی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەكان لە بەغدا لە نزیكترین دەرفەتدا و كاركردنی جدی بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستوور.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران،  ڕوونكردنەوەی یاسایی و دارایی دەربارەی موچە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان خستەڕوو. 

ئەنجومەنی وەزیران داوای لە حكومەتی فیدڕاڵی كرد "هەرچی زووە بەشە بودجەی هەرێم خەرج بكات تا لە نزیكترین دەرفەتدا ، لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێم، موچە دابەش بكرێت". 

ئەنجومەنی وەزیران "پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووریشی پەسەندكرد بۆ زیادكردنی تەمویلی موچەی داھاتوو  بۆ 82٪‏ لە بری 79٪‏ و كەمكردنەوەی ڕێژەی ڕاگرتنی تەمویل لە 21٪ ‏بۆ 18٪".