وەزارەتی ناوخۆ: موشەکەکان لە سنوری موسڵەوە ئاراستەکراون

30/09/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی ناوخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو موشەکانەی کە ئەمشەو ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کران، لە سنوری ناحیەی (بەرتەلە)ی سەر بە پارێزگای نەینەواوە هاویژراون.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "کاتژمێر  8:30 ی ئەم ئێوارەیە، شەش موشەک بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژران کە خۆشبەختانە هیچ ئامانجێکیان نەپێکاوە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە. موشەکەکان لە سنووری ( برطلە) لە نێوان گوندەکانی شیخ ئەمیر و تەرجلە لە سەر پیکابێک هاوێژراون".

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوەشکردووە،  ئەم دەڤەرە دەکەوێتە سنووری لیوای 30 حەشدی شەعبی.  تیمە تایبەتەکانی ئێمە خەریکی لێکولینەوەی وردن بۆ بە دەستهێنانی زانیاری زیاتر .

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆیی حکومەتی هەرێم جگە لەوەی بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی کردووە و بە ترسنۆکانە ناویبردووە، لە هەمان کاتدا ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ بەرپەچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک. داواشی لە حکومەتی فدراڵی کردووە  دەستبەجێ  ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر.