باندێكی ساختەكردنی زێڕ لە هەولێر دەستگیركران

02/10/2020
فۆتۆ: 

باندێكی ساختەكردنی زێڕ لە شاری هەولێر دەستگیركران بەڵام پۆلیس وردەكاری شێوازی ساختەكردنەكەی ئاشكرا نەكردووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان/نووسینگەی عەنكاوە، پاش ئاگاداركردنەوەیان كەوا چەند كەسێك لە شارۆچكەی عەنكاوە زێڕ ساختە دەكەن و دواتر بە زێڕنگرەكانی دەفرۆشن، تیمێكی لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە. 

پۆلیس ئەوەشی راگەیاندووە: دوای بەدواداچوونێكی ورد و بەدەستهێنانی زانیاری، توانییان حەوت تۆمەتبار بە ناوەكانی (هـ.ك.ج) و (ا.ا.م) و (ص.ك.ج) و (ع.م.ق) و (ع.ع.ف) و (ع.م.ع) و (ح.س.ع) دەستگیر بكەن.

هەرچەندە پۆلیس وردەكاری شێواز و چۆنیەتی ساخكردنەوەی زێڕە ساختەكانی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام رایگەیاند تۆمەتبارەكان دانیان بە تاوانەكەیانداناوە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (456) لە یاسای سزادان، ڕاگیران و رووبەڕووی دادگا كرانەوە.