لاهور شێخ جەنگی: نوێبونەوە پڕۆسەیەکی هەمەلایەنەیە و سەرجەم ئۆرگانەکان دەگرێتەوە

04/10/2020
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، نوێبونەوە پڕۆسەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنەیە و سەرجەم ناوەند و ئۆرگانەکانی یەکێتی دەگرێتەوە.

لاهور شێخ جەنگی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ ناوەندی دەرەوەی سویدی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کۆبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵ و هەنگاوەکانی دوای کۆنگرەم بۆ باسکردن کە بۆ نوێبونەوەی یەکێتیی گیراونەتەبەر".


جەختی لەوەشکردووەتەوە کە نوێبونەوە پرۆسەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنەیە و سەرجەم ناوەند و ئۆرگانەکان دەگرێتەوە، دەشڵێت، "ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانیش لەنێو هەڤاڵان و ئەندامانمان دەرفەتێکی گرنگ دەرەخسێنێت بۆ بەشداریکردنی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات لە نوێبونەوەی یەکێتییدا".

هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دووپاتیشیکردووەتەوە، "ئەولەویەتی یەکێتیی خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان و باشترکردنی ژیان و گوزەرەنیانە، هەر بۆیە داوام لە هەڤاڵانمان کرد کە گرنگی زیاتربدەن بە رەوەندی کوردی و خۆیان سازبدەن بۆ پرۆسەی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکانی عێراق تا لە رێگەی خەباتی پەرلەمانیەوە تەواوی مافە رەواکانی گەلی کوردستان دەستەبەربێت".