حزبی دیموکرات هەڵوێستی خۆی لەسەر بەرنامەکەی رەزا پەهلەوی ڕاگەیاند
رەزا پەهلەوی کوڕی محەمەد رەزا شای پێشووی ئێران بەرنامەیەکەی بەناوی(پەیمانی نوێن) بڵاوکردوە بۆ داوا دەکات داوا دەکات خەڵکی ئێران یەک بگرن، ئیعترازات و مانگرتن ئەنجامبدەن بۆ پێچانەوە و تۆماری کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک لە ئێراندا تێبکۆشن.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەبەیانامەیەکدا رەخنەی لە بەرنامەکە گرتووە و دەڵێت "پەیمانی نوینـ"ـیش وەک زۆربەی بەرنامە و هەڵوێستەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەراسەری بەسەر واقعییەتەکانی کۆمەڵگای ئێراندا بازی داوە، هۆکارێکی سەرەکی هەرەسهێنان و سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی ڕابردووش هەر نەسەلماندنی واقعییەتەکانی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگای ئێران بووە: ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە، فرەزمانی و فرەئایینییە و هەرچەندی حاشای لێ بکرێت، شتێک لەو واقعییەتە ناگۆڕێت .
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئاماژەی بەوەشکردوە، بەرنامەیەکی سیاسی ئەوکاتە دەتوانێت زۆربەی خەڵک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە کە بۆ ئێرانێک بێت کە ڕاستییەکانی کۆمەڵگای ئێران لەبەرچاو بگرێت، نەک دەستکرد و ئیدئولۆژیک ! .
حزبی دیموکرات دەشڵێت مەبەستی بەڕێز "ڕەزا پەهلەوی" و هاوبیرانی لە ئازادی و دێموکراسی و مافی مرۆڤ بۆ ئێرانێکە کە حاشا لە بوون و هەوییەتی زیاتر لە نیوەی خەڵکەکەی دەکرێت، منداڵانی نیوەی خەڵکەکە لە سەرەتاییترین مافی مرۆڤ واتە خوێندن بە زمانی دایکی و مافە سیاسی و کولتوورییەکانیان بێبەش دەکرێن.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕاشیگەیاندوە "پەیمانی نوین" زیاتر وەک هیوا و ئاوات دەچێ هەتا بەرنامەیەکی سیاسیی واقعبینانە کە ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەریی سیاسیی پرسی نەتەوەکانی غەیرەفارس .
ئاشکراشیانکردوە "ڕەزا پەهلەوی" لەگەڵ پرسی گەلانی ئێراندا بێ لایەن نییە و بە بیر و باوەڕ بەشێکە لەو ڕەوتە فیکرییە کە داننان بە هەوییەتی گەلانی غەیرەفارس و سەلماندنی مافە سیاسییەکانیان بە ناتەبا و نەگونجاو لەگەڵ بەرژەوەندی و یەکپارچەیی خاکی ئێران دەزانن .
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕاشیگەیاندوە ئەوان 42 ساڵە وەک کورد ڕۆژانە دیکتاتۆری و سەرکوت و تێرۆر و هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی بە ڕەگ و پێستەوە هەست پێدەکەین و بە کردەوە بە دژی زوڵم و زۆری بێسنووری ڕێژیم وەستاوەتەوە. بەڵام دوائامانجی ئێمە تەنیا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نییە، ئامانجی ئێمە دابینکردنی ماف و ئازادی بۆ گەلی کوردە لە ئێرانێکی دێموکراتیک و فیدراڵدا .
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەشڵێت زۆر جاران ئێمە ڕامانگەیاندوە کە دەرگای دیالۆگمان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئاواڵەیە و یەکگرتن و پێکهێنانی بەدیلێکی دێموکراتیک و گشتگیر لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و جێگیرکردنی نیزامێکی دێموکراتیک بە زەروورەتی ئەوڕۆی ئێران دەزانین.
"بەڵام لە هەمان کاتدا و بەپێی مەنتق، ئێمە هاوکاری و پشتیوانیی هێزێک دەکەین کە بەڕوونی بە دوور لە "کۆلی گویی" (کلی گویی) پێمان بڵێت ئەگەر سبەینێ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە هاوکاری و پشتگیریی ئێمە دسەڵاتی لە تاران بەدەستەوە گرت، چ شتێک بۆ ئێمە دەگۆڕێت؟ ماف و ئازادیمان دەسەلمێندرێت و کۆتایی بە سەرکوت و هەڵاواردن و بێبەشیی کورد دێت؟ لە پێوەندی لەگەڵ گەلانی غەیرەفارس، حکوومەتی دوای کۆماری ئیسلامی ماهییەتەن چ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێستا دەبێت؟
|